ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیتالیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا
گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا

K24 - هەولێر:

ئەمرۆ وەزیری بەرگریی ئیتالیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئایاری 2023، گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە هەولێر و هەرێمی و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی 23ـی کانوونی یەکەمی 2022، جۆرجا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

لە سەردانەکەیدا جۆرجا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، هەروەها تیمی راوێژکار و سەربازانی وڵاتەکەی لە هەولێر بەسەرکردەوە.

جۆرجا مێلۆنی پاش گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئیتاڵیا لە تویتێکدا سوپاسی مەسرور بارزانی کرد و رایگەیاند، لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین.

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە بەشێكی دیکەی تویتەکەیدا نووسیبووی:"پێکەوە کاردەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی هاووڵاتیانمان و پەرەپێدانی هەماهەنگی ئابووریمان."