نوێترین زانیاری لەبارەی چارەنووسی مێسی لە پاریس سانجێرمان

لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان
لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان

چارەنووسی مێسی هێشتا نادیارە و کەس نازانێت وەرزی داهاتوو بە درێسی پاریس سانجێرمان بەردەوام دەبێت، یان درێسێکی دیکە دەپۆشێت، گەشتەکەی لیۆ بۆ سعوودیە بە تەواوەتی دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە.

رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، لیۆنێل مێسی بەبێ رەزامەندیی راهێنەر و دەستەی کارگێڕی یانەکەی گەشتی سعوودیەی کردووە، گەرچی سەرەتا کریستۆف گالتیێی راهێنەری پاریس سانجێرمان بڕیاریدابوو دوو رۆژ پشوو بە یاریزانەکانی بدات، بەڵام دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر لۆریان بڕیارەکەی خۆی هەڵوەشاندبووەوە و داوای لە یاریزانەکان کردبوو رۆژی دووشەممە مەشق و راهێنان بکەن.

رۆژنامەی لیکیپ راشیگەیاندووە، مێسی دوو جار گەشتەکەی بۆ سعوودیە دواخستبوو، بۆیە ئەمجارەیان نەیدەتوانی گەشتەکەی دوابخات و پێشبینی دەکرێت تا رۆژی چوارشەممە لە سعوودیە نەگەڕێتەوە، کە لیۆ راستەوخۆ دوای یارییەکەیان بەرامبەر لۆریان گەشتی سعوودیەی کرد.

فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبناگی ئیتاڵی رایگەیاندووە، لە لالیگا و بارسێلۆنا پێیانوایە بابەتی گەڕانەوەی مێسی بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا زۆر ئاڵۆزە، تەنانەت بەشێکیان پێیانوایە نزیکە لە مەحاڵ، چونکە بارسا کێشەی لەگەڵ پابەندبوونی بە یاسانی دارایی خاوێن هەیە.

کۆتایی ئەم وەرزە مێسی گرێبەستەکەی لە پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت و تا ئێستا هیچ پێشهاتێکی نوێ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە ئارادا نییە، دەنگۆی ئەوە هەیە یانەکانی میامی ئەمریکی، بارسێلۆنای ئیسپانی و هیلالی سعوودی دەیانەوێت بیگوازنەوە ریزەکانیان.