"به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كورتهێنان له‌ بودجه‌دا كه‌مده‌كاته‌وه‌"

K24 - هەولێر:

راوێژكاری دارایی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، مانه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ 80 دۆلار ئاستی كورتهێنان له‌ بودجه‌ی گشتی وڵات كه‌مده‌كاته‌وه‌.

مه‌زهه‌ر محه‌ممه‌د ساڵح، راوێژكاری دارایی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، نرخی پێشوەختە بۆ حیسابکردنی داهاتی نەوت لە رەشنووسی بودجەی گشتی عێراق، 70 دۆلارە، تێکڕای ساڵانەی نرخی نەوتی خاویش نزیکەی 80 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجه‌ كه‌ به‌ 63 ترلیۆن دینار خه‌مڵێنراوه‌.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.