مونا قاوه‌چی: بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەهاتووە ئاراستەی کارکردنی پێکهاتەکان دیاری بکات

"پێكهاته‌كان نه‌ته‌وه‌ی ره‌سه‌نی ئه‌م نیشتمانه‌ن"
مونا قاوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان
مونا قاوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هەولێر:

سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، پێكهاته‌كان نه‌ته‌وه‌ی ره‌سه‌نی ئه‌م نیشتمانه‌ن، بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەهاتووە ئاراستەی کارکردنییان دیاری بکات.

مونا قاوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بابەتی کورسی کۆتاکان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992 و دواتر لە ساڵی 2009، دەقنووسکراوە و مافی دەنگدان و بەشداری و رێژەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان دیاریکراوە.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، نوێنەرانی پێکهاتەکانی تورکمان، کریستیان و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان، نوێنەرایەتی راستەقینەی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانە دەکەن، کە سەرجەمیان نەتەوەی رەسەنی ئەو نیشتمانەن، لە دێر زەمانەوە بەشداری هەموو سەرکەوتن و بەرخودان و تێکۆشانی رێگەی رزگاری کوردستانییان کردووە.

قاوه‌چی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، بەداخەوە ژمارەیەک لایەنی سیاسی، لە پرۆسەی دیموکراسییەت و سیستەمی کوتا پاشگەزبوونەتەوە، لێرە و لەوێ هێرشی ناڕەوا دەکرێتە سەر پێکهاتەکان و ئاماژە بە کەمکردنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتە نەتەوەییەکان دەدرێت و لە دوا هەوڵیشیاندا لە رێگەی پەرلەمانتارێکیان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکردووە.

ده‌شڵێت: "پێمانخۆشە بۆ هەموو لایەک روونبێتەوە، کە پێکهاتەکانی کوردستان هەر هەوڵێکی لەم شێوەیە بەمەبەستی دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی رێژەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان رەتدەکەنەوە و  هه‌وڵێكه‌ بۆ تێکدانی كه‌شوهه‌وای پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و پێشێڵکردنی مافه‌كانییان".

مونا قاوه‌چی به‌بیر هه‌موو لایه‌كی ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووس و بەرنامەی سیاسی و چۆنیەتی بەشداریان لە هەڵبژاردنەکان دەدەن و بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەهاتووە ئاراستەی کارکردنی پێکهاتەکان دیاری بکات و بەپێی بەرژەوەندییە شەخصی و حزبییەکانی خۆی بڕیار و لێدوان لەسەر پێکهاتەکان بدات. گوتیشی: "هەر هەوڵێکی لەم شێوەیە کارێکە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان و هەرگیز قەبوڵکراو نیە و لای پێکهاتەکان بەتەواوی رەتدەکرێتەوە".