فازڵ میرانی: پێویستە وەکو 'قوربانی' سەیری کوردانی فەیلی بکەین

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کوردانی فەیلی بەشێکی سەرەکین لە گەلی کوردستان  و پێویستە وەکو 'قوربانی' سەیریان بکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی لێهاتووییانەوە، کوردانی فەیلی لە مێژووی پارتی و کوردستاندا خاوەن چەندین پۆستی باڵا بوون.

رۆژی چوارشەممە 3ـی ئایاری 2023، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە یەکێک لە پانێلەکانی دووەم رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستیی بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی بەشداری لە پانێلێکدا کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا رایگەیاند، لە مێژووی کوردا، کوردانی فەیلی قوربانی زۆریان داوە و بەشدارییەکی کارایان لە شۆڕش و دەستکەوتەکانی گەلی کوردا هەبووە.

بەگوتەی فازڵ میرانی، پارتی وەکو بەشێکی دانەبڕاوە لە گەلی کوردستان سەیری کوردانی فەیلی کردووە و مامەڵەی لەگەڵ کردوون و بۆ ئەمەش مێژوو شاهیدە. روونیشیکردەوە، کوردانی فەیلی بەشدارییەکی کارایان هەبووە لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە درێژایی مێژوو ژمارەیەکی زۆری پۆستە باڵاکانی پارتی و کوردستانیان وەرگرتووە.

فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەشکرد، چوار پۆستی زۆر گرنگی ئەو کاتی کورد بەدەست کوردانی فەیلییەوە بوون، لەوانەش سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان، سکرتێری ئافرەتانی کوردستان، سکرتێری قوتابیانی کوردستان و سکرتێری لاوانی کوردستان، "ئەمەش بەهۆی ئەوەوە نەبووە، کە کوردی فەیلی بوونە، بەڵکو توانای پارتی کوردی فەیلی بوونە".

فازڵ میرانی، بە پێویستی دەزانێت وەکو قوربانی "زەحییە" سەیری کوردانی فەیلی بکرێت و دەڵێت، لە چوار روویەوە کوردانی فەیلی بوونەتە قوربانی، یەکەمیان بەهۆی ئەوەی کورد بوونە، دووەمیان بەهۆی ئەوەی شیعە بوونە، سێیەم و چوارەمیشیان بەهۆی ئەوەی لە عێراق وەکو بیانی تەماشە دەکران و لە ئێرانیش وەکو "معاودی".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فازڵ میرانی پرسیارەکی ئاراستـەی بەشداربووان کرد و گوتی: ئایا ئەوەی کوردانی فەیلی شایستەی بوون و چاویان لێ بووە، بۆیان کراوە؟  من پێتان دەڵێم، نا. ئەم 'نایە' بۆ بینینی شتەکانە وەکو خۆی و بۆ نەشێواندنی مێژوو و لەدەستنەدانی مافی خەڵکە.

ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، ئەرکەکانی کوردانی فەیلی لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و بەشداریکردنیان لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان، لە مافەکانیان زیاتر بوونە. بنەمایەک هەیە پێویستە هاوسەنگی هەبێت لە نێوان ئەرک و مافەکاندا، بەڵام ئەم چەندە لە بەرامبەر کوردانی فەیلی نەکراوە.

فازڵ میرانی بە پێویستی دەزانێت نەوەی نوێ بە شێوەیەک پەروەردە بکرێت، کە بیر لە توندوتیژی و ئەنجامدانی تاوان نەکاتەوە، بەڵکو پێویستە ئامانجیان بەرقەرارکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان بێت، بۆ ئەوەی هەمان ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەی دژ بە کوردانی فەیلی کراون، لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە.

بەگوتەی میرانی، حکومەتی عێراق بە ئەنجامدانی تاوان دژ بە کوردانی فەیلی تۆمەتبارە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بە "کەمتەرخەم" ناوبرد لە بەرامبەر پێدانی ماف و شایستەکانی کوردانی فەیلی. فازڵ میرانی بە پێویستی دەزانێت حکومەتی عێراق قەرەبووی کوردانی فەیلی بکاتەوە و دەڵێت: بە رای من قەرەبووی مەعنەوی گرنگترە لە قەرەبوو کردنەوەی ماددی.

فازڵ میرانی، بە دووپاتکردنەوە لەوەی، کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاوەن لە گەلی کورد و وەکو کەمینە سەیریان ناکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرینەی ئەو تاوانانەی دژ بە کوردانی فەیلی ئەنجام دراون، بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانیانەوە بووە، دواتر بەهۆی ئینتمای ئایینیەوە.

رۆژی سێشەممە 2ـی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگا حکومییەکان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر دەستیپێکرد و ئامانج لەو کۆنفرانسە سێ رۆژییە، بە جینۆساید ناساندنی ئەو کۆمەڵکوژییانەیە کە دژ بە کوردانی فەیلی ئەنجام دراون.