فوئاد حوسێن: سەددام جۆرێک لە رق و خۆشەویستی بەرانبەر بە کوردە فەیلییەکان هەبوو

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

K24 - هەولێر:

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی بەشداری کردنی لە یەکێک لە پانێڵەکانی کۆنفرانسی زانستی جینۆسایدی کوردانی فەیلی ڕایگەیاند، ڕژێمی پێشووی عێراق بەرانبەر کوردانی فەیلی بە ڕق و کینە و دەمارگیرییەوە مامەڵەی کردووە، ڕاشیگەیاند، بەغدا، هۆکار و ناوەندی ستەم بووە بەرامبەر کوردانی فەیلیی.

وەزیری دەرەوە دەرەوەی عێراق لەبارەی مامەڵەی ڕژێمی بەعس لەگەڵ کوردانی فەیلی، باسی لەوە کرد، ئایدیۆلۆژیای بەعسییەکان، ئایدیۆلۆژیایەکی عەرەبییە، بەو مانایەی هەر کەس لەسەر ئەم زەوییە بژی، تەنانەت ئەگەر کوردیش بێت، دەبێت بتوێتەوە و ببێتە بەشێک لەو ئایدیۆلۆژیایە، کە پەیوەندی بە فەلسەفەی ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە هەیە.

بە بڕوای فوئاد حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق، سەددام حوسێن خۆی کێشەیەکی دیکەی لەگەڵ کوردانی فەیلی هەبووە، جۆرێک لە خۆشەویستی و ڕقی هەبوو بەرانبەر بە کوردە فەیلییەکان.

وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە ژیانی سەددام حوسێن و ئەو کەسانەی کاریگەرییان لەسەر ژیانی هەبووە، گوتی: سەددام لە تکریت لەدایکبووە و لە بەغدا گەورە بووە، کەسێکی «شەقاوە» سەرەڕۆ بووە، سەددام لەگەڵ کەسە سەرەڕۆکانی بەغدا هاوڕێ بووە، کە زۆرینەیان کوردی فەیلی بوون.

فوئاد حوسێن ئەوەی نەشاردەوە، کە سەددام حوسێن پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسە سەرەڕۆیانەدا باش بوو کە فەیلی بوون، بەڵام دژایەتی سیاسی فەیلی و سەرمایەداری فەیلی دەکرد، لەو کاتەشدا کە ئەو دەسەڵاتی گرتە دەست، ئابووری بەغدا بەدەست کوردانی فەیلییەوە بووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، کە فەیلییەکانی بەغدا بە دوو ئاراستەدا کاریان دەکرد، ئاراستەیەک بەرەو کۆمۆنیستی و ئاراستەیەکیش بەرەو پارتی، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی کوردانی فەیلی بە ئاراستەی کوردایەتی کاریان دەکرد، هەروەها پاڵپشتی دارایی پارتی لە بەغداوە دەهات، بەو مانایەی لە فەیلییەکانەوە بووە.

فوئاد حوسێن گوتیشی: دۆخی ئابووری بەغدا لەژێر دەستی توێژێکدا بوو، کە بیروبۆچوونیان لەگەڵ ڕژێمی بەعس دا نەدەگونجا، ئەمەش وەک مەترسی بۆ سەر حزبی بەعس لێکدرایەوە.