پۆلیسی راپەڕین: لێکۆڵینە لە رووداوی کوشتنی فرسەت مەلەکی دەکرێت

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی زانینی هۆکاری راستەقینە، لێکۆڵینە لە رووداوی کوشتنی فرسەت مەلەکی دەکەن، کە شەوی رابردوو لە دەڤەری راپەڕین تەقەی لێکرا و بریندارکرا، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لە راگەیەندراوی پۆلیسی راپەڕین هاتووە: "بەرواری 2/5/2023، نزیک کاتژمێر 7ی ئێوارە لەسەر رێگای سەرەکی نێوان چوارقوڕنە – هیزۆپ، تەقە لە هاووڵاتییەک، کرا، بەناوی (ف،ق،ح) لە رەگەزی نێر کە کاتێک لەناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆی دابووە، بەوهۆیەوە بریندار بوو. بەهۆی سەختی برینەکەی بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، بەڵام لەبەر سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".
ئاماژەی بەوەشکراوە: "مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردوە و رێوشوێنی تەواو گیراوەتەبەر بە مەبەستی زانینی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".
چەند سەرچاوەیەکی ناوچەکە ئەو رووداوە دەبەستنەوە بە "تیرۆر" کردنی موراد کانی کوردەیی و لە دوای رووداوەکەش بنەماڵەی موراد کانی کوردە لە پەیامێکدا رایانگەیاند: "فرسەت مەلەکی لە ساتەوەختی تیرۆركردنی شەهید موراد دا وەك هاوڕێیەك هاوەڵی شەهید مورادی كردبوو بۆ نان خواردنی ئێوارە لە شاری رانیە، بەداخەوە لەو رووداوەدا شەهید موراد و سێ لە هاوڕێكانی شەهید دەكرێن و كاك فرسەتیش لە لایەن ئەو هێزەوە دەستگیر دەكرێت و دوای ماوەیەك ئازاد دەكرێت".
ئاماژە بەوەشکراوە: "شەهید فرسەت پیاوێكی كاسب و دەست و دڵ پاك بوو، بە هیچ شێوەیەك تێكەڵی كاری سیاسی و ململانێی نەكردووە بەداخەوە لە رووداوێكی تەمومژاویدا بە دەستێكی رەش و لەرزۆك تیرۆركرا".
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2021)، موراد عەبدولرەحمان عەوڵا ، ناسراو بە "موراد کانی کوردەیی" و دوو لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی (خۆشناو وەیسی و ھاوکار نازم) له شاری رانیه، لهلایهن ژمارهیهك چهكدارهوه درانه بهر دهستڕێژی گولـله و كوژران.