کامێرای چاودێری لە وێستگەکانی ئەتۆمی ئێران دادەنرێن

دانانی کامێرای چاودێری لە وێستگەیەکی ئەتۆمی ئێران، لە ساڵی 2005
دانانی کامێرای چاودێری لە وێستگەیەکی ئەتۆمی ئێران، لە ساڵی 2005

K24 - هەولێر:

کۆمەڵەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئێران دەستیکردووە بە دانانی کامێرای چاودێری لە بەشێک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

لە سەرەتای مانگی ئاداردا، رافائیل گرۆسی، بەرێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتە رێکەوتنێک بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کامێرای چاودێری لە چەند شوێنێکی ئەتۆمی و زیادکردنی پشکنینەکان لە دامەزراوەی فۆردۆ.

رافائیل گرۆسی، بەرێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، دوای گەڕانەوەی لە  تاران لە فڕۆکەخانەی ڤیەننا بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند: هەردوو لایەن رێککەوتوون لەسەر دانانی هەموو ئامێرەکانی چاودێری، وەک کامێرای چاودێری، کە بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2015، لە شوێنە ئەتۆمییەکان دانرابوو، بەڵام تاران بە قۆناغ لایبردبوو.

راپۆرتی کۆمەڵەی کۆنترۆڵکردنی چەک کە بنکەکەی لە واشنتنە، هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە، لەبارەی ژمارەی ئەو کامێرا چاودێریانەی کە تاران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دانانیان ئەو شوێنانەی تێیدا بەکارهێندراون.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ـئ ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، لە راستیدا ئێران دەستی کردووە بە دووبارە دانانەوەی کامێرای چاودێری، پێشبینیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆسەکە تەواو بێت.

لە راپۆرتەکەی کۆمەڵەی کۆنترۆڵکردنی چەکدا ئاماژە بەوەکراوە، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە سەرەتای مانگی نیساندا گوتی: ئاژانسەکە دەست دەکات بە دانانی کامێرا و بەستنەوەی هەندێک ئامێری چاودێریکردن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، هەروەها "پرۆسەکە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت و دەشێت توانای ئاژانسەکە زیاد بکات، بۆ چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران".

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی دووشەممەی رابردوو، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا، پەیامێکی نوێی هۆشداریی ناردبوو بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی نێودەوڵەتی، سەبارەت بەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئاژانسەکان سەبارەت بە پابەندبوونی تاران بە رێککەوتنی ئەم دواییە بڵاویان کردبووەوە.

کەنعانی گوتیشی: بەرپرسانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لێدوان لەسەر ئەو پرسانە دەدەن.