باربارا لیف بۆ کوردستان24: گەشبینم بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا

"دەبێت داواکاری خەڵک جێبەجێ بکرێت و خەڵک هەڵبژاردنی دەوێت"

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24ـی دایەوە و رایگەیاند، بە دۆخی هەرێمی کوردستان گەشبینە و هەوڵی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ لێکتێگەشتنی هاوبەش.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی ئایاری 2023)، باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی باسی لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد و لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24 رایگەیاند، بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گەشبینە و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە وەک ئەمەریکا هانیان دەدەین بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان".

بارابارا لیفی گوتی، "من 13 ساڵە لێرەم پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق زۆرجار کێشەی زۆر گەورەی هەبووە کە نزیک بووە لە ئاڵۆزی و ململانێ و دۆخی زۆر خراپیان تێپەڕاندووە، بەڵام لە سەردانی ئەمجارەمدا گەشبینم لەبەرئەوەی گفتوگۆم لەگەڵ هەردوو لایەن کردووە و گفتوگۆکان ئەرێنی بوون".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، دڵخۆشم بەوەی هەوڵی باش هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا و ئێمەش هانیان دەدەین بۆ پاڵپشتیکردنیان و لێکتێگەشتنی نێوانیان بۆ کوردستانێکی بەهێز و گەشەسەندوو.

لەبارەی پرسی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشەوە، باربارا لیف جەختی لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و پشتیوانی ئەمەریکاشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ دووپاتکردەوە.

باربارا لیف گوتی، "کوردەکان هەڵبژاردنیان دەوێت، بە دڵنیاییەوە پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەپێش کۆتایی ساڵەکە دەکەین، هەندێک کێشە ماون لەنێوان لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردن تا چارەسەر بکرێن، بەڵام زۆر گرنگە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. دەبێت داواکاری خەڵک جێبەجێ بکرێت و خەڵک هەڵبژاردنی دەوێت"

لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا روونیکردەوە، "دەمانەوێت رێککەوتنی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و لە راستیدا ژمارەی گرووپە چەکدارەکانی وەک پەکەکە زۆرن  کە لەو ناوچانەدان و مەترسی لەسەر ژیانی پێکهاتەکان دروست دەکەن، بۆیە حکومەتی فیدراڵی دەبێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات."