چوونی مێسی بۆ بارسێلۆنا مسۆگەر نییە و هیلال هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

دوای یەکلابوونەوەی رۆیشتنی مێسی لە پاریس سانجێرمان، ئێستا ململانێیەکە لە نێوان بارسێلۆنا و هیلالدایە، هەردوو یانە دەیانەوێت ئەم هاوینە بیگوازنەوە یانەکانیان، بەڵام لەوانەیە یاسای دارایی خاوێنی لالیگا ببێتە هۆی ئەوەی لیۆ بچێتە سعوودیە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، بارسێلۆنا تا ئێستا ناتوانێت هیچ یاریزانێکی نوێ لە لیستی یاریزانەکانی لە لالیگا تۆمار بکات، یاسای دارایی خاوێن بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم یانە کەتەلۆنییەک، نەک هەر مێسی بەڵکو بارسێلۆنا بەم دۆخە ناتوانێت هیچ یاریزانێکی نوێ بکڕێت.

رۆژنامە مەدریدییەکە رایگەیاندووە، گەرچی خوان لاپۆرتا بە کەسە نزیکەکانی راگەیاندووە دەتوانێت مێسی بگەڕێنێتەوە یانەکەیان، بەڵام لیۆ ناتوانێت تاهەتایە چاوەڕێ بکات و ئۆفەرەکەی هیلال یەکێک دەبێت لە بژاردەکانی بەردەم مێسی، چونکە بارسێلۆنا تا ئێستا نەیتوانیوە بەرپرسانی لالیگا رازی بکات تا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکەن بۆ ئەوەی دەست بە هەوڵەکانی بکات بۆ گواستنەوەی مێسی.

لەلایەکی دیکە، رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی رایگەیاندووە، هەفتەی رابردوو یانەی هیلالی سعوودی یەکەم ئۆفەری فەرمی پێشکەشی لیۆنێل مێسی کردووە بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە ریزەکانی، ئێستا سعوودییەکان فشارێکی زۆر دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لیۆ بگوازنەوە، ئەو ئۆفەرەی هیلال پێشکەشی لیۆی کردووە هیچ یانەیەکی دیکە ناتوانێت ئەم ئۆفەرە پێشکەش بکات.

جیرارد رۆمێرۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، هیلالی سعوودی لە یەکەم گفتوگۆی لەگەڵ مێسیدا پێیان راگەیاندووە، ئەوان دەیانەوێت جگە لە مێسی هەریەکە لە ئالبا و بۆسکێتس و سوارێزیش بگوازنەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر مێسی دروستکردووە و لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی بچێتە سعوودیە.

لیۆنێل مێسی بە درێسی هیلالی سعوودی
لیۆنێل مێسی بە درێسی هیلالی سعوودی