ژمارەی ئەو کەسانەی لە پێکدادانەکانی سووداندا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 551 کەس

دیمەنێکی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوودان، لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا | وێنە: Marwan Ali / AP
دیمەنێکی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوودان، لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا | وێنە: Marwan Ali / AP

K24 - هەولێر:

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی لە پێکدادانەکانی سووداندا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 551 کەس.

مارگارێت هاریس، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەی خستەڕوو، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە پێکدادانەکانی سووداندا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 551 کەس و چوار هەزار و 926 کەسیش بریندار بوون.

هاریس باسی لەوەش کرد، لە میانی پێکدادانەکاندا 28  هێرش بۆسەر دامەزراوەکانی رێکخراوەکەیان ئەنجامدراوە و لەم هێرشانەدا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 18 کەسی دیکەش بریندار بوون.

دەربارەی ناوەندە تەندروستییەکانی سوودانیش ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، تەنها سەدا 16ی ناوەندە تەندروستییەکانی ئەو وڵاتە دەتوانن خزمەتگوزاری تەندروستیی پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن و لە خەرتوومی پایتەختیش تەنها لەسەدا شەشی ناوەندە تەندروستییەکان لە کاردان.

هاریس باسی لەوەش کرد، رەوشی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە سوودان خراپە و رایگەیاند: "کاتێک کەسێک بریندار دەبێت، بۆ چارەسەرکردنی برینەکەی بچێت بۆ کوێ؟ لەسەدا 25ی بریندارەکان بەهۆی ئەوەی کە نەتواندراوە خوێنبەربوونیان بوەستێندرێت گیان لەدەستدەدەن. لە کاتێکدا وەستاندنی خوێنبەربوون، چارەسەرێکی سەرەتایی زۆر سادەیە. گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بەم شێوەیە مایەی قبوڵ کردن نییە".

گوتەبێژی سندوقی هاوکاری منداڵان سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف)، جەیمس ئێلدەر، ئەوەی خستەڕوو، حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانی منداڵان لە دەستپێکی پێکدادانەکانی سوودانەوە تا ئێستا، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

ئێلدەر ئاماژەی بەوەدا کە لە 15-25ی نیسان 190 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 700 منداڵیش بریندابوون. گوتیشی: "لە 11 رۆژی سەرەتای پێکدادانەکاندا، تێکڕا لە هەر حەوت کاتژمێرێکدا منداڵێک لە سوودان گیانی لەدەستداوە.

15ی نیسان لە خەرتوومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی سوودان، پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەم پێکدادانانەش لە دوای ئەوە هات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا".