لەماوەی 48 کاتژمێردا لە کۆنگۆی دیموکرات زیاتر لە 100 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە

یەکێک لەو گوندانەی بەهۆی لافاوەوە لە کۆنگۆی دیموکرات زیانیان بەرکەوتووە | وێنە: AFP
یەکێک لەو گوندانەی بەهۆی لافاوەوە لە کۆنگۆی دیموکرات زیانیان بەرکەوتووە | وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

بەگوێرەی ئامارە راگەیەندراوەکان، تەنها لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا لە کۆنگۆی دیموکرات 100 هاووڵاتی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.

ماوەی هەفتەیەکە بارانی بەخوڕ چەند پارێزگایەکی کۆنگۆی دیموکراتی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لافاو هەڵساوە. بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتە بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی 'ئەی ئێف پی'ـیان راگەیاندووە، لەسەرەتای هەفتەی رابردوو تا ئەمڕۆ لافاو بووتە هۆی گیانلەدەستدانی 130 کەس.

پشکی شێری قوربانیان بەر پارێزگای 'کیێڤۆ'ـی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتووە. بەپرسە حکومییەکانی ئەو پارێزگایە بە دەزگاکانی راگەیاندن راگەیاندووە، لە دوێنێ پێنجشەممەوە 04-05-2023 تا ئەمڕۆ زیاتر لە 100 هاووڵاتیی سنووری ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

هاوکات سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بەوەکردووە، سەدان گوندی ئەو وڵاتە بەهۆی لافاوەوە ژێرئاو کەوتوون. زۆرینەی ئەو گوندانەی ژێرئاوکەوتوون و زیانیان بەرکەوتووە، دەکەونە سەر بە ناوچەی 'کالیهی'، کە هاوسنوورە لەگەڵ رواندا.

هەمان سەرچاوە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، پڕۆسەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا لەو گوندانەی ژێرئاو کەوتوون و زیانیان بەرکەوتووە بەردەوامە و تا ئێستا تەرمی 68 هاووڵاتی دۆزراونەتەوە.