چاوشئۆغڵو: مۆسکۆ میوانداری کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەبارەی سووریاوە دەکات

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا | وێنە: Amr Nabil / AP
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا | وێنە: Amr Nabil / AP

K24 - هەولێر:

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، رووسیا، ئێران و سووریا لەبارەی دۆسیەی سووریاوە لە 10ی ئایار لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.

چاوشئۆغڵو لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی TRT رایگەیاند، رووسیا جەختی لە وادەی یەکەم کۆبوونەوە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی نێوان ئەو چوار وڵاتە لە وڵاتەکەی کردووەتەوە کە لە 10ی ئایار لە مۆسکۆ ئەنجام دەدرێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، روون نییە تا ئێستا کێ نوێنەرایەتی ئێران دەکات لەو کۆبوونەوەیەدا ئەگەر حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە یاوەری ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بکات لە سەردانەکەی بۆ ئەفریقا.

لەبارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جیهانی عەرەبی لەگەڵ حکومەتی سووریا، چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەنگاوە بۆ رەخساندنی دەرفەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکەیان گرنگە.

راشیگەیاند، "زۆربەی وڵاتان نایانەوێت چەکی سپی بۆ گەڕانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد بدەنە کۆمکاری عەرەبی، وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت".

چاوشئۆغڵو گوتیشی: "وڵاتان دەیانەوێت رژێمی سووریا لەبارەی پرۆسەی سیاسییەوە هەنگاو بنێت، ئەمەش رێگەی یەکخستنی سووریایە، بەپێچەوانەوە رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە/ پەکەکە بەهێزتر دەبێت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی داهاتووی سووریاوە گوتی: "رەنگە دیمەنەکە (لە سووریا) لە داهاتوودا زۆر ئاڵۆز و ئەستەم بێت، ئەگەری هەیە لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە 10ی ئایار کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەین".

چاوشئۆغڵو لەبارەی ئەنجامی ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەوە گوتی: "ناتوانین بەپێش رووداوەکانەوە بکەوین لەبارەی ئەوەی کە لەو کۆبوونەوەیە لەسەر چی رێک دەکەوین".

گوتیشی: "پێویستە ئیدارەی سووریا بە روونی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا تا ئێستا باوەڕی بە چارەسەری سیاسیی هەیە یان پرسەکان بە سیاسیی چارەسەر بکات؟ چارەسەری دیکە لەو نێوانەدا نییە".

هەر لەمبارەیەوە چاوشئۆغڵو رایگەیاند: "ئەگەر ئیدارەی (سووریا) هەڵوێستی پشتیوانی بۆ چارەسەری سیاسیی نیشاندا ئەوە ئەگەری چارەسەر زیاد دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوەی رەت کردەوە و بڕیاری بەردەوامبوونی شەڕی هەموو لایەکی دا، ئەوا بەهەر نرخێک بێت، چارەسەرەی پرسی وڵاتەکە دەیان ساڵ دەخایەنێت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداریی لە مەترسی دابەشبوونی سووریا و روودانی شەپۆلی کۆچکردن بەهۆی رەوشی نالەبارەی ئابووری لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.

چاوشئۆغڵو جەختی لە پێویستی بونیادنانی پەیوەندیی باش لەنێوان وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و رووسیا کردەوە.

لەبارەی رەوشی سوودانیشەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی لەوەتەی دەستپێکی پێکدادانە ناوخۆییەکان لە سوودان تا ئێستا دوو هەزار و 61 کەسی دەرباز کردووە کە 198 کەسیان هاووڵاتیی 22 وڵاتی دیکە بوونە.

هەر لەبارەی رەوشی سوودان، چاوشئۆغڵو رایگەیاند، لە ئەگەر بەردەوامیی پێکدادانەکان، رێنماییمان هەیە بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی تورکیا لە خەرتووم بۆ پۆرت سوودان.