دانیشتوانی زیقار بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن

K24 - زیقار

لە سەدا 60ی گەڕەکەکانی پارێزگای زیقار، تاکو ئێستا خزمەتگوزاری سەرەتاییان پێی نەگەیشتووە، زۆرینەی شەقامەکانی قیرتاو نەکراون و ئاوی خواردنەوەشیان نییە.

گەڕەکی عەگرەیە لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار، ماوەی 20 ساڵە تاکو ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکان بۆ نەکراوە، خەڵکی ناسریە گلەیی لە ئیدارەی شارەکەیان دەکەن. هاووڵاتییەک دەڵێت: " کاتێک باران دەبارێت ئێرە دەبێتە قوڕ و ناتوانین هاتووچۆ بکەین، منداڵەکانمان ناتوانن بچن بۆ قوتابخانە، کە باران دەبارێت ئیدی بەهۆی قوڕەوە لە ماڵەوە دەرناچین".

دانیشتوانی ئەم گەڕەکە شیعە مەزهەبن، زۆرینەیان لەو کەسانەن کە لە سەردەمی بەعس هیچ خزمەتگوزاریەکیان بۆ نەکراوە، وەک خۆشیان دەڵێن، ئێستاش لەسەردەمی حوکمڕانی شیعە هیچیان بۆ ناکرێت.

ئیدارەی پارێزگای زیقار، دەڵێن "هەوڵێکی زۆرمان داوە تاکو خزمەتگوزاری بەسەرجەم گەڕەکەکان بگەیەنین، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە بەغدا هیچ بودجە و هاوکاریەکمان ناکات، بۆیە خزمەتگوزارییەکان وەک پێویست نین لە شارەکە".