رووسیا: ئەمەریکا تۆمەتبارە لە رووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی نووسەرە رووسیەکە

وێنەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی پریلیپین
وێنەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی پریلیپین

K24- هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئەمەریکای بە بەرپرسیار دەزانێت لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نووسەری بەناوبانگی رووسی زاخار پریلیپین، کە بووە هۆی کوژرانی شۆفێرەکەی برینداربوونی خۆی.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بەرپرسیارێتی ئەم کردەوە تیرۆریستییە و ئەوانی دیکە نەک تەنها لە ئەستۆی ئۆکرانیادایە، بەڵکو لە ئەستۆی سپۆنسەرە رۆژئاواییەکانیشە کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکات".

ئەوەش هاتووە، "دوودڵی واشنتن لە ئیدانەکردنی ئەو هێرشە تیرۆریستیەدا، بۆ خۆی قسە دەکات بێدەنگی رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان قبوڵکراو نییە."

"هێرشکردنە سەر پریلێپین رەنگدانەوەی رێبازی کیێڤە بۆ نەهێشتنی نەیارانی ئایدیۆلۆژی".

ئەو تەقینەوەیەی کە شۆفێری نووسەرەکەی کوشت، لە کاتێکدا روویدا کە رووسیا رووبەڕووی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و تێکدان و هێرشەکان زیاتر دەبنەوە، بەبێ ئەوەی ڕوون بێت کە کێ بەرپرسیارە لەو هێرشانە.

کرێملین ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لەپشت ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی کیێڤ ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر هێزەکانی رووسیا، ئەمەش لە کاتێکدایە رووسیا لە ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر ئەڵمانیای نازی نزیک دەبێتەوە، کە نۆی ئایارە.

لێژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا رایگەیاندووە، ئۆتۆمبێلی نووسەر زاخار پریلیپین،  کە ئۆدی کیو 7 بووە، لە گوندێکی ناوچەی نیزنی نۆڤگۆرۆد کە نزیکەی 400 کم لە رۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە، تەقیوەتەوە و رووداوەکە وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گەیشتنی لیژنەکە نووسەر پریلێپین گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.