بەرزترین پلەی گەرما لە ڤێتنام تۆمار دەکرێت

بازاڕی ماسی لە ناوچەی کوانگ نام، لە ڤێتنام، 13ی نیسانی 2023
بازاڕی ماسی لە ناوچەی کوانگ نام، لە ڤێتنام، 13ی نیسانی 2023

K24- هەولێر

دەسەڵاتدارانی ڤێتنام رایانگەیاند، رۆژی شەممە، لە فەرمانگەی کەشناسی لە باکووری ڤێتنام، پلەی گەرما بەرزبووەتەوە بۆ 44.1 پلەی سیلیزی.

سەنتەری نیشتمانی کەشناسی ئاو رایگەیاندووە، ئەم پلەی گەرمییە لەلایەن وێستگەکەیەوە لە پارێزگای تان هوا لە ناوەڕاستی باکوور تۆمارکراوە.

پێشتر لە 20ی نیسانی 2019دا، بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکراو، 43.4 پلەی سەدی بووە، لە ناوچەی هۆنگ خێ لە پارێزگای هاتین تۆمارکرابوو.

نگوین نگۆک هوی، پسپۆڕی زانستی کەشوهەوا لە هانۆی پایتەخت بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "ئەمە تۆمارێکی نیگەرانکەرە لە چوارچێوەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهاندا"، دەشڵێت، "پێموایە ئەم بەرزبوونەوەیە دووبارە دەبێتەوە".

کەشوهەوای ڤێتنام لە باکوورەوە بۆ باشوور جیاوازە، بەڵام لە ئێستادا هەموو وڵاتەکە گەرمترین مانگەکانی بەخۆیەوە دەبینێت.