سەرۆکی بەرازیل: شا چارلز داوای لە ئێمە کردووە گرنگی بە دارستانی ئامازۆن بدەین

دارستانی ئامازۆن لە گۆشەیەکی جیاوازەوە
دارستانی ئامازۆن لە گۆشەیەکی جیاوازەوە

K24 - هەولێر:

سەرۆکی بەرازیل دەڵێت، یەکەم شت کە پادشا چارڵزی سێیەم داوایلێکردبێت، ئەوەبووە، کە گرنگی بە دارستانی ئامازۆن بدەن.

لۆلا داسیلڤا، سەرۆکی بەرازیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پابەندن بە رێگیرکردن لە لەناوچوونی دارستانەکان تا ساڵی 2030 و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیان بە یارمەتی نێودەوڵەتی هەیە.

سەرکی بەرازیل لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "یەکەمین شت پادشا چارڵز بەمنی گوت، ئەوەبوو کە گرنگی بە دارستانی ئامازۆن بدەین، منیش گووتم، پێویستم بەیارمەتییە."

لۆلا داسیلڤا هەر لەبارەی پاراستنی دارساتنی ئامازۆن ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە تەنها ئەرکی ئێمەنییە، پێویستمان بەسەرچاوەی زیاتر هەیە. ئێمە پابەندی ئەو بەڵێنانە دەبین کەسەبارەت بەوەستاندنی لەناوچوونی دارستانەکان تا ساڵی 2030 داومانە."

سەرۆکی بەرازیل پەیامێک ئاراستەی وڵاتە پەرەسەندووەکان دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، "دۆسیەی کەش و هەوا بابەتێکی گرنگە و پێویستە بەجدی وەریبگرن." دەشلێت: پێویستە جیهان حکومەتێکی یەکگرتووی هەبێت لەبارەی دیاردەی گۆڕانەکانی کەشوهەواوە.

دارستانی ئەمازۆن گەورەترین دارستانی باراناویە لە جیهاندا کە دەکەوێتە باکووری ئەمەریکای باشوور و بەشی زۆرتری لە نێو خاکی بەرازیل و پیڕۆدایە. زۆرتر لە نیوەی دارستانەبارانییەکان کە لە جیهاندا ماونەتەوە، لە ئەمازۆندا جێی گرتووە. ڕووبەری دارستانەکانی ئەمازۆن 5.5 میلیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە لە نێوان نۆ وڵاتدا دابەش بووە. ئەم ناوچە دارستانییە کە ڕووباری ئەمازۆنیش بە ناویدا تێ دەپەڕێت، بەشگەلێک لە وڵاتی بەرازیل 60%، پیرۆ 13% ، کولۆمبیا 9%، ڤەنزوێلا 5%، بولیڤیا 5%، گویانا 3%، سورینام 2%، ئێکوادۆر 1.5% و گویانی فەڕانسە 1.5% دەگرێتەوە. دارستانی ئەمازۆن لە ڕیزبەندی نوێی حەوت سوڕمێنەی جیهاندا ناودێرکراوە.

زۆرترین ڕووبەری دارستانەکانی ئەمازۆن لە ئاوەڕۆی ڕووباری ئەمازۆن و هەزار و 100 لقی ھەڵکەوتووە، ئەم ئاوەڕۆیە نێوانی 200 تا 500 میلیۆن ساڵ پێش لە سەردەمی کۆندا دروست بووە. بەڵگەدەسکەوتووەکانی شوێنەوارناسی لە لێکۆڵینەوەی (کاورداپدراپنتادا) دەری دەخا کە مرۆڤ بۆ یەکەمین جار 11 هەزار و 200 ساڵ پێش ئێستا لەو دارستانە نیشتەجێ بووە.