ئەلمۆنیتەر: بەرێوەبەرایەتی خۆسەر چاوی لە نێوەندگیری ئیماراتییەکانە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەد

مەزلووم عەبدی (راست) و تەحنون بن زاید
مەزلووم عەبدی (راست) و تەحنون بن زاید

K24 - هەولێر:

هەفتەی ڕابردوو، پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە، ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان (باکووری ڕۆژئاوای سووریا) لە دوو مانگی ڕابردوودا لە هەوڵدا بوون بۆ هێنانە سەر هێڵی ئیماڕاتییەکان بۆ ئەوەی نێوەندگییریان بۆ بکات لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد تا بگەن بە ڕێکەوتنێک لەبارەی ئایندەی سیاسی هێزە کوردییەکان لە قۆناغی دوای شەڕ.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان کە پێگە هەواڵییەکە ناوەکانی بڵاونەکردوونەتەوە، ڕایانگەیاندووە مەزڵوم عەبدی (کۆبانێ)، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە،  سەردانی شانشینی یەکگرتووی ئیماراتی کردووە و چاوی کەوتووە بە تەحنون بن زاید، ڕاوێژکاری ئاسایشی ئیماڕات و جێگری حاکمی ئەبو زەبی.

ئامانجی سەرەکی سەردانەکە، کە ڕۆژەکەی دیار نەکراوە و باوەڕ وایە لە کۆتایی مانگی ئازاری ڕابردوو و سەرەتای نیسان ئەنجامدرابێت، بریتی بووە لە هێنانە سەر هێڵی ئیماڕاتییەکان بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئەسەد و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەک هەوڵێکی هێزە کوردییەکان بۆ دۆزینەوەی هاوبەشی نوێ لە ناوچەکە دوای کەمبوونەوەی متامانەیان بە هاوپەیمانە ئەمریکییەکان.

لە وەڵامی ئیمەیلێکدا بۆ ئەمبەرین زەمانی نووسەری ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی ئیماڕاتی بەشێوەیەکی فەرمی رەتیانکردووەتەوە کە هیچ جۆرە سەردانێکی لەو جۆرە ڕوویدابێت لە نێوان عەبدی و دەسەڵاتدارانی  ئەو وڵاتە و ئەو جۆرە هەواڵانەشیان بە "بێ بنەماو و هەڵە" ناوزەدکردووە.

بەرپرسێکی تری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە ناوی بەدران چیا کورد، نەیشاردووتەوە کە ئیماڕاتییەکان دەخوازن هاوکاریی کوردانی ڕۆژئاوا بکەن لە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەسەدا، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە لەسەر بابەتی سەردانەکەی عەبدی بۆ ئیماڕات هیچ لێدوانێک بدات.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەوەی بەوە کردووە، سەردانەکەی عەبدی بۆ ئەبو زەبی پایتەختی ئیماڕات پێش ئەو هێرشە درۆنییە دێت بۆ سەر کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانی لە شاری سلێمانی لە 7ی نیسانی ڕابردوودا لەکاتێکدا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکی و ناوخۆیی بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شارەکە لە ڕێگادا بوو.

هەروەها نووسەری ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە گوومان دەکرێت تورکیا بە ئەنقەست ئامانجەکەی نەپێکابێت و هێرشەکە تەنها پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئەنقەڕە بووبێت لەسەر سەردانەکەی عەبدی بۆ ئیماڕات و ئەو لایەنانەی کە هاوکاری بوون.

رۆژی چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023، تورکیا بڕیاری داخستنی گەشتە ئاسمانیەکانی هێڵەکانی فڕۆکەوانی تورکی و ئاسمانی وڵاتەکەیدا بە ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە پاساوی "زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و دزە کردنی ئەندامانی بۆ نێو فڕۆکەخانەکە". بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاند کە ئەو ئابڵوقە ئاسمانییە تاوەکوو 7ی تەمووزی ئەمساڵ بەردوام دەبێت تاوەکوو ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە لە ڕێکارەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دژی چالاکیەکانی پەکەکە.

بەپێ ڕاپۆرتەکە، پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ ئیماڕات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2018 ئەو کاتەی کە شاندێکی بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی چەند هاوڵاتییەکی ئیماڕاتی کە پێشتر چووبوونە ڕیزەکانی داعش و دواتر لە زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەربوون. چەندین کۆبوونەوە و دیدار و سەردان، لەو کاتەوە لە نێوان بەرپرسانی هەردوولادا ئەنجامدراو.