لە گوندێکی سەر بە هەولێر گەنجێک لەلایەن براکەیەوە کوژرا

وێنەی ئەو گەنجەی لە گوندی شەمامک بە چەقۆ برا گەورەکەی خۆی کوشت | وێنە: کوردستان24
وێنەی ئەو گەنجەی لە گوندی شەمامک بە چەقۆ برا گەورەکەی خۆی کوشت | وێنە: کوردستان24

K24 - هەولێر:

لە گوندی ماستاوەی سەر بە هەولێر گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ لەلایەن برا بچووکەکەییەوە دەکوژرێت و پۆلیسیش دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە و بکوژەکەیان دەستگیرکردووە.

ئێوارەی رۆژی شەممە نزیکەی کاتژمێر 8:45 خولەک، پۆلیسی هەولێر لە رووداوێکی تەقەکردن لە گوندی ماستاوەی سەر بە ناحیەی شەمامک ئاگادارکرایەوە، دواتر دەرکەوت برایەک برا گەورەکەی "بە چەقۆ" بریندارکردووە.

عەقید سامی ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی عەنکاوە لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بریندارەکە دوای ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 06:45 خولەک بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

 

 

بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی عەنکاوە هۆکاری ئەو رووداوە بۆ "کێشەیەکی کۆمەڵایەتی" دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە، هێزەکانیان "دەستبەجێ تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە" و بەگوێرەی ماددەی 406ـی لە یاسای سزادانی عێراق بەندکراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بکوژەکە لە دایکبووی ساڵی 2005ـە و تەمەنی 18 ساڵە، هاوکات کوژراوەکە لە دایکبووی ساڵی 2002ـە، تەمەنی 21 ساڵە و باوکی منداڵێکە.

ناحیەی شەمامک سەر بە قەزای ناوەندی ھەولێرە و لە 64 گوند و سێ گەرەک پێکھاتووە. ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 135 هەزار و 513 کەسە و مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە.