ئانۆ جەوهەر: لە کەس قبوڵ ناکەین دەست بۆ کورسی پێکهاتەکان بەرێت

K24 – هەولێر:

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن کە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان دەکات لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر داوای پێکهاتەکان کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یەک بازنە و مانەوەی کورسی کۆتاکانیش لە پەرلەمانی کوردستان بە مافی پێکهاتەکان دانا و رایگەیاند، ئەوانیش خوێنیانداوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ نوێنەرایەتییان هەبێت.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 دووپارتیکردەوە، هەموو پێکهاتەکان هاودەنگن لەسەر داواکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوازی یەک بازنەیی و پارێزگاریکردن لە کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان.

لەبارەی ئەو داوایانەی دژ بە کورسی کۆتای پێکهاتەکان هەیە، ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بەوەکرد، کورسی پێکهاتەکان منەتی هیچ لایەنێک نییە لەسەریان بەڵکو مافی خۆیانە و لەپێناو ئەو مافەش هاوشانی گەلی کورد خوێنیان رشتووە و قوربانیان داوە.

سەبارەت بە داواکاری زیادکردنی کورسی کۆتاکان، ئانۆ جەوهەر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئێستا ئەوەی هەیە پێیان باشە بەڵام دەکرێت لە خولەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان داوای زیادکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بکەن.

ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان بڕیار لەسەر زیادکردنی کورسی پێکهاتەکان بدرێت، ئەوان پێشوازی لێدەکەن بەڵام "بە هیچ شێوەیەک لە هیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکەن دەست بۆ کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکان ببات".

لە وەڵامی ئەو سکاڵایانەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە، ئانۆ جەوهەر ئەوەی بە پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان دانا و روونیکردەوە، ئەوانیش دەتوانن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان پەنا بۆ دادگا ببەن لەگەڵ ئەوەشدا، پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشیان هەیە.