لە هەولێر دەست بەسەر 50 کارتۆن گۆشتی ماوە بەسەرچوودا گیرا

.
.

K24 – هەولێر:

لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانی لیژنەکانی قایمقامییەتی هەولێر، لە کۆگایەکدا دەست بەسەر 50 کارتۆن گۆشتی هیندی ماوەبەسەرچوودا گیرا و قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێریش داوا لە هاووڵاتییان دەکات قیمەی ئامادەکراو نەکڕن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (7ــی ئایاری 2023)، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی شاری هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی پشکنین و بەدواداچوونەکانی لیژنەکانی قایمقامیەت لە شاری هەولێر، دەستگیرا بەسەر 50 کارتۆن گۆشتی هیندی قەدەغەکراو و ماوەبەسەرچوو، هەروەها راشیگەیاند، گۆشتە هیندیەکان پڕیەتی لە پاشماوی ئاژەڵ و شیاوی خواردن نییە.

نەبەز عەبدولحەمید، دەشڵێت، پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار ببنەوە و قیمەی ئامادەکراو نەکڕن، تەنها ئەو قیمانە بکڕن کە لەبەر چاوی خۆیان گۆشتەکە دەکرێتە قیمە، بەو مەرجەی گۆشتەکە مۆری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێوەبێت.

قایمقامی قەزای ناوەندی شاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو ئەو شوێنانە دەکرێت کە ئەو جۆرە گۆشتە قەدەغەکراوەی هێناوەتە بازاڕ، هەروەها گوتیشی، ئەو مارکێت و دوکانانەش سزادەدرێن کە ئەم جۆرە گۆشتەیان بە هاووڵاتییان فرۆشتووە.