سێ کەس بە تۆمەتی دزینی بڕێکی زۆر پارە و زێڕ لە ئافرەتێکی بەساڵاچووی هەولێر دەستگیرکران

وێنەی سێ تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە
وێنەی سێ تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە

K24 – هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵکوتانە سەر ماڵی ئافرەتێکی بەساڵاچوو و دزینی بڕێکی زۆر پارە و زێڕیان دزی بوو، هەردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هەولێر، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباریان راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە (7ـی ئایاری 2023) لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەردوو بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هەولێر ئاماژەیان بەوەکردووە، "دوای رووداوی هەڵکوتانە سەر و دزیکردن لە ئافرەتێکی بەساڵاچوو لە ماڵەکەی خۆی لەگەڕەکی گوڵانی شاری هەولێر لە چەند رۆژی رابردوو، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بە دواداچوون کرد"

ئاسایش و پۆلیسی هەولێر ئاماژەیان رایانگەیاندووە، دوای دۆزینەوەی سەرەداوی تاوانەکە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، هەر سێ تۆمەتباری رووداوەکە بە هاوبەشی هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان گیرایەبەر و دەردرێنە دادگا.

بەگوێرەی بەدواداچوونی کوردستان24 بۆ ئەو رووداوە، تۆمەتبارەکان دوای هەڕەشەکردن لەو ئافرەتە بەساڵاچووە کە تەمەنی 75 ساڵ دەبێت، بڕی 125 مسقاڵ زێڕ و دوو دەفتەر دۆلار و دوو ملیۆن و پەنجا هەزار دیناریان دزیوە، دوای دەستگیکردنیشیان، ئاسایش و پۆلیسی هەولێر دەستیان بەسەردا گرتووە لەگەڵ ئەو چەکانەی لەو رووداوە بۆ هەڕەشەکردن بەکاریان هێناوە.

هەروەها لە ماڵی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەشدا گیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ تۆمەتباران بەردەوامە بۆ خستنەڕووی زانیاری زیاتر و ئامادەکردنی دۆسیەکەیان بۆ دادگا.