نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە

پێشبینی دەکرێت نرخی ئۆنسێک زێڕ بۆ 2100 دۆلار بەرزبێتەوە
نرخی زێڕ
نرخی زێڕ

K24 - هەولێر:

پێچەوانەی داکەوتنی پێنوێنی دۆلار، نرخی زێڕ لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا بەرزبووەوە. لە هەمانکاتدا، وەبەرهێنەران بە وردی چاودێری داتاکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان دەکەن، چونکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختینەیی ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا هەیە.

دوای بڵاوبوونەوەی داتاکانی رێژەی بێکاری، نرخی زێڕ لە مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا بەشیوەیەکی بەرچاو دابەزی، بەڵام بەهۆی مانەوەی لە ئاستی 2000 دۆلار، شارەزایان پێشبینی دەکەن نرخەکەی بۆ 2100 دۆلار بەرزبێتەوە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی ئۆنسێک زێڕ بە رێژەی سەدا 0.2 بۆ 2021 دۆلار بەرزبووە.

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 485 هەزار دینار و مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 430 هەزار دینار مامەڵەیان پێوەدەکرێت، هەروەها مسقاڵێك زێڕی عەیار 18 بە 365000 دیناری عێراقییە.