بەرنامەی خۆراکی جیهانی: 200 هەزار فەڵەستینی لە هاوکارییەکانیان بێبەش دەبن

وێنە: AFP
وێنە: AFP

K24- هەولێر

بەرپرسی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە فەڵەستین ئاشکرای کرد، رێکخراوەکە لە مانگی داهاتووەوە یارمەتی خۆراکی بۆ زیاتر لە 200 هەزار فەڵەستینی رادەگرێت، ئەمەش بەهۆی کەمیی بودجەوەیە.

سامر عەبدولجابر، بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە فەڵەستین بە رۆیتەرزی راگەیاند، بەرنامەی خۆراکی جیهانی ناچارە بڕیارێکی ئازاربەخش بدات، ئەمەش بەهۆی کەمی توانا دەراییەکانەوەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە مانگی حوزەیرانەوە ناچار دەبێت دەست بکات بە راگرتنی هاوکارییەکان بۆ زیاتر لە 200 هەزار کەس، واتە لە سەدا 60ی ئەوانەی هاوکاریەکان وەردەگرێت.

ئەم بڕیارە زیاتر کاریگەری لەسەر خێزانەکانی غەززە دەبێت کە زۆرترین رێژەی هەژارییان تێدایە.

عەبدولجابر دەشڵێت: "بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئاگاداری کاردانەوەی ئەم بڕیارە قورس دەبێت، لەسەر سەدان هەزار کەس کە پشت بە هاوکاری خۆراک دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان.

بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە فەڵەستین ئەوەشی خستەڕوو، بەرنامەکە بەردەوام دەبێت بۆ هاوکاریکردنی 140 هەزار کەس لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا، گوتیشی "بڕیاری راگرتنەکە بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانە دراوە کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە کە توانای کڕینی خۆراکیان نییە.

جەختی لەوەشکردەوە، تاوەکو بەرنامەی خۆراکی جیهانی بودجە وەرنەگرێت، ئەوە ناچارین تا مانگی ئاب هاوکاری خۆراک بەتەواوی رابگرین.