وەزیری تەندروستی: بودجەی فریاکەوتن بۆ هەڵەبجە دابیندەکرێت

K24 - هەولێر:

وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەتی فریاکەوتن بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابیندەکات.

رۆژی دووشەممە 8ـی نیسانی 2023، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەتی فریاکەوتن بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابین دەکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەوڵدەدەن سەرجەم ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی لە سنووری ئەو پارێزگایە پێویستن بۆیان دابینبکەن.

 وەزیری تەندروستی گوتیشی: هەوڵ و پاڵپشتیی تەواو دەدەین بۆ تەواوبوونی پڕۆسەی دامەزراندنی ئەو خۆبەخشانەی بڕیاری لە پێشینەیان هەیە بۆ دامەزارندیان لە ناو و سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

سامان بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو: رۆژانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی لە پەیوەندیداین  و ئەوەی لەدەستمان بێت وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پارێزگایە و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەیکەین و ئەمە ئەرکی سەر شانی ئێمەیە.

لەبارەی بوونی جیاوازی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا لەڕووی خزمەتگوزاری پزیشکییەوە؛ سامان بەرزنجی بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: هەرگیز جیاوازی نەبووە، یەکەمین شار لە هەرێمی کوردستان کە بڕیارێکمان وەرگرتبێت بۆ دامەزراندن، شاری هەڵەبجە بووە. سەرەتا بوو بیارە، دواتر بۆ ناو شاری هەڵەبجەش. کە ژمارەیان 130 کەس بوو.

سامان بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەردەوام کاریان لەسەر بەرفراونکردن و زیادکردنی قەرەوێلەکان بۆ نێو نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردووە و جیاوازایان لەنێوان هیچ نەخۆشخانەیەکدا نەکردووە.

هاوکات رۆژی سێشەممە 25ـی نیسانئ 2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ته‌ندروستیئ هه‌ولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای زیادبوونی حاڵەتی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب السحایا Meningitis ) لەنێو منداڵانی هەڵه‌بجە، تەندروستیی هەولێر (500) پاکەت دەرزی چارەسەری، کە بریتیبوو لەجۆری (Vancomycine ) رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد.