بازرگانێکی دیاری ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی کوژران

K24 - هەولێر

دووشەممەی رابردوو، قاچاخچییەکی دیاری ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ هاوسەرەکەی و شەش منداڵەکەی کرانە ئامانج و کوژران، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ئوردن ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامداوە، ئوردنیش تا ئێستا لێدوانی لەوبارەوە نەداوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە گوندی ئەلشەعاب لە رۆژهەڵاتی سویداء لە سنووری ئوردن "مەرعی ئەلرەمتان و خێزانەکەی و شەش منداڵی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردنەوە کرانە ئامانج و کوژران".

روانگە ئاماژەی بەوەشکرد، "رەمتان" بە یەکێک لە دیارترین بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان دادەنرێت، لەنێویاندا کاپتاگۆن، کە بەرپرسیاربووە لە بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئوردن.

ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە عەممان راگەیەندراوێکی هاوبەش لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی ئوردن و سووریا و عێراق و میسر و سعوودیە بڵاوکرایەوە، بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان سووریا و وڵاتانی دراوسێ و کاریگەری بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتی لە سنووری سوریاوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "سووریا لە ماوەی مانگێکدا لەگەڵ ئوردن و عێراق هاوکار دەبێت لە پێکهێنانی دوو تیمی سیاسی و ئەمنی هاوبەش، بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە سووریا، هەروەها ئەو لایەنانەی کە ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی رێکدەخەن و بەڕێوەدەبەن و ئەنجامدەدەن".

سوپای ئوردن ساڵانێکە لە بواری پووچەڵکردنەوەی قاچاخچێتی ئەو چەک و ماددە هۆشبەرانەی لە ناوچەکانی سووریاوە دێن، چالاکی هەیە، بەتایبەتی هێنانی مادەی هۆشبەری کاپتاگۆن کە لە سووریا دێت.

ئوردن رایگەیاند، قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری ئوردن و سووریا بە دووری 375 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە.