سێ یەکەمەکانی زانکۆ کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن دادەمەزرێن

ژمارەیەک قوتابی لە ئاهەنگی دەرچوونیان لە زانکۆ - ئەرشیف
ژمارەیەک قوتابی لە ئاهەنگی دەرچوونیان لە زانکۆ - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

بە ئامانجی دۆزینەوەی هەلی کار و رەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن بۆ سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، هەوڵی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئه‌نجوومه‌نی گشتی راژه‌ی فیدراڵی ئەنجامدرا لەبارەی سوودمەندبوونی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندن لەسەر ئەو بودجەیەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە.

دوای ئەوەی سێ یه‌كه‌مه‌كانی ده‌رچووانی (2015-2016 و 2016-2017) لە ماوەی رابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە فەرمانی دامەزراندیان بۆ دەرچوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەڕێگەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ناوی نۆ هەزار و 800 سێ یەکەمی ساڵەکانی دواتری رەوانەی ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی کرد.

لەلایەن خۆیەوە، ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی رەزامەندی سەرەتایی نیشانداوە بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن کە ژمارەیان 674 دەرچوو دەبن.

لەماوەی رابردوو ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی جارێکی دیکە بە مەبەستی راستکردنەوەی شێوازی نووسینی ناوەکان کە داوای کردووە بە زمانی عەرەبی ناوی دەرچووەکان بنووسرێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لیستی ناوەکانی لەڕێگەی نوێنەرایەتی خۆیەوە لە بەغدا ئاراستەی ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی کردووەتەوە.

لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بۆ پەسەندکردن، حکومەتی عێراق دامەزراندنی 729 هەزار پلەی وەزیفی جێگیرکردووە لە تەواوی وەزارەت و پارێزگاکانی عێراق، بەڵام دامەزراندنی تەنیا لە سنووری دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی سنووردارکردووە.