هەڵگورد شێخ نەجیب: رۆژی چوارشەممە دەروازەی زێت دەکرێتەوە

هەڵگورد شێخ نەجیب
هەڵگورد شێخ نەجیب

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، رۆژی چوارشەممە (10ـی ئایاری 2023)، بە فەرمی دەروازەی نیودەوڵەتی زێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (8ـی ئایاری 2023)، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 بە کۆمار نادری راگەیاند، رۆژی چوارشەممە دەروازەی نێودەوڵەتی زێت دەکرێتەوە و بە فەرمیش بۆ مەبەستی گەشتیاری و بازرگانی بەکاردەهێندرێت.

هەڵگورد شێخ نەجیب باسی لە گرنگی ئەو دەروازەیە کرد بۆ ناوچەکە کە دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانی زیاتر و بەرەپێشچوونی لایەنی ئابووری بەتایبەتی کە دەبێتە هۆی کرانەوە بەرووی جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی و زیاتر گوتی، بە کردنەوەی ئەم دەروازەیە رێگای چوار کاتژمێر بۆ هاووڵاتییانی سۆران و مێرگەسۆر و هەولێر کەمتر دەکاتەوە.

لەبارەی تەواوکردنی رێگاکە، هەڵگورد شێخ نەجیب رایگەیاند، وەک قۆناغی یەکەم رێگای دەروازەی زێت تەواوبووە و ئامادەیە بۆ هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی مام ناوەند، لە قۆناغی داهاتووشدا کاردەکەن بۆ فراوانکردنی کۆمەڵگەی دەروازەکە و رێگای دەروازەکە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فراوانتر جموجپڵی بازرگانی تێدا بکرێت و بارهەڵگرەکان بتوانن پێیدا هاتووچۆ بکەن.

لەبارەی ماوەی کردنەوەی ئەو دەروازەیە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روونیکردەوە، دوای کردنەوەی دەروازەکە و هاتنی لایەنی تورکیش بۆ ریورەسمەکە، رێککەوتنی زیاتر لەبارەی رێکخستنی کاروبارەکانی دەروازەکە دەکرێت و هەوڵدەدەن بەشێوەی 24 کاتژمێری کراوە بێت.

پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەم هەفتەیە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە فەرمی دەكرێتەوە. ئەمەش دوای ساڵێك لە كاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی رێگای سەرەكیى دەروازە نێودەوڵەتییەكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دێت.

بە مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە، رۆژی یەكشەممە، 7ـی ئایار، فەریق روكن عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە یاوەریی چەند بەرپرسێکی سەربازی سەردانی دەروازەكەیان کرد و لەلایەن قایمقامی قەزای مێرگەسۆریشەوە، بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان لەو دەروازەیە هەڵدرا.

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، دەكەوێتە سنووری ناحیەی شێروان مەزن، لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەبێتە دەروازەیەکی نوێی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.