وه‌زیری دارایی: هیوادارین حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆیان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران ببەنەسەر

ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دارایی و بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، كۆبوونه‌وه‌. وه‌زیری دارایی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند، "هیوادارین حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆیان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران ببەنەسەر".

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 8ـی ئایاری 2023)، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر تۆرکیلد بیوگ بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیانكرد له‌باره‌ی رێکكەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت و پشکی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی.

وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، بنەمای رێکەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی چەند خاڵێکیان بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتی هەرێم چەسپاندووە.

هه‌روه‌ها  راشیگەیاند، لەم قۆناغەدا ئەولەویه‌تی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێکكەوتنی هەرێم و بەغدایە وەک خۆی و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی عێراق و تورکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چارەسەرکردنی ئەو کێشە سیاسی و تەکنیکییانەی لەبەردەم پڕۆسەکەدا ماون.

ئاوات جەناب نووری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، راگرتنی نەوت کێشەی گەورەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە و هیوادارین حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆیان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران ببەنەسەر.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک وەزارەتی دارایی و کابینەی نۆیەم کاری جدییان هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بووە، لە رێی گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆ و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری.

لای خۆشیەوە دکتۆر تورکیلد بیوگ بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندیەکانی یەکێتی ئەوروپا سوپاسی وەزیری دارایی کرد، بۆ ئەو چاکسازیانەی لەم کابینەیە ئەنجامیانداوە و پشتیوانی یەکێتی ئەوروپای بۆ رێكکەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا دووپاتکردەوە و هیوایخواست بەزووترین کات هەڵبژاردن لەهەرێمی کورستان ئەنجامبدرێت و کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکرێت.(هه‌روه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌).

786