هوداپار: ئێمە لە ئەرزەرۆم پەلاماری ئیمامئۆغڵومان نەداوە

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە ئەرزەۆم
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە ئەرزەۆم

K24 – هەولێر:

وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی پارێزگای ئەرزەرۆم چەند کەسێک دەستگیرکراون و گوتەبێژی هوداپاریش رەتیدەکاتەوە، ئەندامانی پارتەکەیان دەستیان لەو رووداوە هەبێت.

لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی پارێزگای ئەرزەرۆم بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ نیگەرانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، بەدواداچوونی یاسایی دەستیپێکردووە و رووداوەە لە لێکۆڵینەوەدایە. وەزیری دادی تورکیا راشیگەیاند، تا ئێستا چەند کەسێک دەستبەسەرکراوە و داواکاری گشتی راسپێردراوە.

لە راگەیەندراوێکدا یونس ئەمیرئۆغڵو، گوتەبێژی هوداپار رایگەیاند، ماوەیەکە پارتەکەیان رووبەڕيووی هێرشێکی ناڕەوا بووەتەوە و دواجار بەهۆی هێرشەکەی ئەرزەرۆم پارتەکەیان تۆمەتبار دەکرێت.

هاوکات گوتەبێژی هوداپار ئاشکراشیکرد ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەوە نییە، ئۆپۆزیسیۆن بۆی روون بووەتەوە کە لەم هەڵبژاردنەدا رووبەڕووی شکست دەبێتەوە بۆیە هوداپار دەکاتە ئامانج لەکاتێکدا ئەوان سەرجەم پلانەکانیان تێکداوە.

رۆژی یەکشەممە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ لە ئەرزەرۆم لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار رێکخرابوو، لەلایەن گرووپێکی نزیکەی 200 کەسییەوە بەردبارانکرا و چەند ئامادەبوویێکی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەش برینداربووبوون.