عارف روشدی: چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو تیمی یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كانی حكومه‌ت

عارف روشدی
عارف روشدی

K24 – هەولێر:

راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی، رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و جێگره‌كه‌ی، دەبێتە دەستپێکێكی باشتر بۆ پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوانییان.

عارف روشدی، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیران و جیگرەکەی، دەرئەنجامی دەستپێشخەری نیچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

هەروەها راشیگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەرگایەکە بۆ چەندین کۆبوونەوەی دیکە لەسەر ئاستی دەزگاکانی هەڵبژاردن و مەکته‌به‌ سیاسییەکاندا.

راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی، باسی لەوەشکرد، وا بڕیارە رۆژی چوارشەممه‌ی داهاتوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمی یەکێتی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەگەڕێنەوە کۆبوونەوەکان.

بە گوێرەی راگەیەندراوی ئه‌مڕۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کرد.

ئاماژە بەوەشدراوه‌، لە کەشێکی ئەرێنیدا تاووتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردوولا کۆکبوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.