سوپای ئیسرائیل: فڕۆکە جەنگییەکانمان توانیویانە سێ سەرکردەی باڵای سەربازی سەرایا قودس بکوژن

لە بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە 12 کەس گیانیان لەدەستدا
دیمەنێکی دوای بۆردومانەکە - وێنە: AFP
دیمەنێکی دوای بۆردومانەکە - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردومانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە 12 کەس گیانیانلەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویشیکردەوە، سوپای ئسرائیل لە درەنگانێکی شەوەوە تا بەرەبەیان بۆردومانی کەرتی غەززە کردووە، لە ئەنجامدا 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، 40 فڕۆکەی جەنگی لە بۆردومانکردنی پێگەکانی سەرای قودسی باڵی سەربازی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی بەشدارییان کردووە و توانیویانە سێ سەرکردەی باڵای سەربازی سەرایا قودس بکوژن.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا، بۆردومانەکانیان بەردەوامی دەبێت تا سەرجەم ئامانجەکانیان بەدیدەهێنن.

لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بێنەسەرخەت و هێرشەکانی ئیسرائیلیشی بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ دۆخی ناوچەکە وەسفکرد.