عێراق ساڵانە بە یەک ملیۆن تۆن سوتەمەنی هاوکاری لوبنان دەکات

K24- هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، بەغدا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی لوبنان، کە ساڵانە یەک ملیۆن تۆن سوتەمەنی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا بۆ ئەو وڵاتە دابین دەکات.

عێراق لە مانگی ئابی 2021 دەستیکرد بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی پێدانی نەوتی خاو بە لوبنان، ئەمەش بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە کە بە سوتەمەنی کاردەکەن، بەم بڕەش لە رۆژێکدا نزیکەی چوار کاتژمێر کارەبا بۆ لوبنان دەستەبەر دەکات.

دوای سەردانەکەی بۆ لوبنان، ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، عێراق پاڵپشتی لوبنان دەکات و لەگەڵیدا دەوەستێت و پشتیوانی لێدەکات، دەشڵێت: "لە پرۆسەی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنداین لەم سەردانەدا نێوان وەزارەتی کاری عێراق و وەزارەتی کاری لوبنان کە پەیوەندیدارە بە راهێنانی پیشەیی، تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەپێدەدەین".

ئەسەدی، گوتیشی: "وەزیری وزەی لوبنان رۆژی یەکشەممە لە عێراق بوو، لوبنانیەکان داوایان لە حکومەت کرد بۆ زیادکردنی بڕی نەوتی خاوی عێراق بۆ لوبنان".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ تاوتوێکردنی پرسە تەکنیکییەکان، عێراق هێشتا ساڵانە پاڵپشتی یەک ملیۆن تۆن سوتەمەنی بۆ لوبنان دەکات.

وەلید فەیاز وەزیری وزەی لوبنان رۆژی یەکشەممە، چاوی بە زیاد فازڵ وەزیری کارەبای عێراق کەوت، هەردوولا پێداچوونەوەیان بەو کێشە هاوبەشانە کرد، کە کەرتی وزە لە هەردوو وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێن، هەروەها ئەو هەوڵانەی کە دراون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە پشت بە وزە دەبەستیت، بۆ بەڕێوەبردنی هەموو کەرتەکان.

فەیاز سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گەلی عێراق و حکومەتی عێراق دەربڕی بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە لە سەختترین هەلومەرجدا نیشانی لوبنانیان دا، هاوتاکەشی لە خواست و ئامادەیی کۆمپانیا لوبنانییەکان ئاگادارکردەوە بۆ بەشداریکردن لەو پڕۆژە ژێرخانانەی کە حکومەتی عێراق بەنیازە.