هۆڵەندا پێشوازی لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەکات

ئاڵای هۆڵەندا
ئاڵای هۆڵەندا

K24 - هەولێر:

کۆنسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر لە تویتێکدا پێشوازی لە کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەکات.

رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، کۆنسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە رۆژی ئەوروپادا، ئەمڕۆ ئاهەنگی یەکێتی ئەوروپا دەگێڕین، کە لە 9ـی ئایاری 1950 دەستیپێکردووە. یەکێتی ئەوروپا ئاسایش و خوشگوزەرانی بەدیدەهێنێت، بەڵام پێویستی بە سازان و گفتوگۆیە. بۆنەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەوی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بکەین بۆ ئەو دیالۆگە زۆر پێویستەی رۆژی دووشەممە ئەنجامیان دا."

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی

رۆژی دووشەممە 8ـی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمیان کردووە و کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تيشك خراوەتە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و جەخت لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی: لەگەڵ قوباد تاڵەبانی باسمان لە پرسەکانی ناو حکومەت کرد

دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ نانی نیوەڕۆ میوانداری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کردووە. 

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە:بە ڕۆحی گفتوگۆی بنیاتنەر و کراوە، باسمان لە پرسەکانی ناو حکومەت کرد و لەسەر ڕێگاکانی هەنگاونان بەرەو پێشەوە ڕێککەوتین.

 

 

قوباد تاڵەبانی: لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارمان هەبوو

لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "رۆژی دووشەممە نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو".

لە تویتەکەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە، "پێکەوە، هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەتوانین بەسەر ئالنگارییەکانماندا زاڵ بین، کاربکەین بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیانمان، بە بەهێزی بمێنینەوە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە".

 

 

ئەمەریکا: كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی هه‌نگاوێكی مه‌زنه‌

باربارا لیف، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی نزیك، له‌ تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌ گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی جێگری كرد و نووسیوویه‌تی: "ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی مه‌زنه‌". هەروەها بە هاشتاگێک ئاماژەی بە "گفتوگۆ" کردووە وەک جەختکردنەوەی هەڵوێستی واشنتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ.

 

 

هاوکات ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پێشوازی لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێـمی کوردستان و جێگرەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت، دەستخۆشی لە سەرکردایەتی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی دەکەم کە پێکەوە کاردەکەن بۆ دەستپێکردنی چارەسەرکردنی کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆ.

باڵێۆزی ئەمەریکا لە عیراق ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو وڵات سوود وەردەگرێت کاتێک سەرکردەکانی تیشکدەخەنەسەر پێداویستییەکانی خەڵک. با لەم کۆبوونەوەیەوە هەنگاوی گرنگتر بەرەوە پێشەوە بنێین".

 

به‌ریتانیا: كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی هه‌نگاوێكی گرنگە

كونسوڵخانه‌ی گشتی به‌ریتانیا له‌هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ جێگره‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی، به‌هه‌نگاوێكی گرنگ ناو دەبات.   

له‌ چوارچێوه‌ی تویتێكدا كونسوڵخانه‌ی گشتی به‌ریتانیا له‌هه‌ولێر، بۆچوونی رۆزی كه‌یڤی كونسوڵی گشتی ئه‌و وڵاته‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا كه‌یڤ ده‌ڵێت: خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ بینیم سه‌رۆكوه‌زیران و جێگره‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی گرنگه‌، بۆ پێشكه‌وتن له‌ پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ رێگه‌ی گفتوگۆی بنیاتنه‌ر.

كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌هه‌ولێر هه‌روه‌ها گوتیشی: "حكومه‌تێكی یه‌كگرتووی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌".

هیواش ده‌خوازێت، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ پڕۆسه‌ی رێككه‌وتن و ئاشته‌وایی.

 

 

"دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە"

هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگرەکەی، کەشێکی ئەرێنی بۆ هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی رەخساندووە بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی هەڵبژاردن.

هاوار محەممەد راشیگەیاند بۆ ئەم مەبەستە لە چەند رۆژی ئایندەدا هه‌ردوو ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی و یه‌كێتی کۆدەبنەوە و قسە لەسەر دوایین خاڵەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان دەکەن.