گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی چی بۆ هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەگەیەنێت؟

K24 - هەولێر:

رۆژی 7ی ئەم مانگە وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی بە زۆرینەی دەنگ پاش 12 ساڵ هەڵپەساردنی ئەندامێتی رەزامەندییان لەسەر گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دەربڕی.

هێزە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان پێشوازییان لەم بڕیارە کرد و رایانگەیاند، بەشدارییەکی چالاکانەی عەرەب لە سووریا دەتوانێت پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا چالاک بکات، کە لە ماوەی دەیەی رابردوودا بەهۆی جەنگەوە وێران بووە.

دالیا هێنان، ئەندامی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، سەبارەت بە بڕیارەکەی کۆمکاری عەرەبی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بڕیارەکە بە ئەرێنی دەبینن، چونکە دەکرێت هەنگاوێک بێت بەرەو پرۆسەی چارەسەرکردن. گوتیشی: بەڵام ئەگەر ئێمە بەدوای چارەسەری ڕاستەقینەدا بگەڕێین، دەبێت هەموو لایەنەکان بەشداری تێدا بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان کە لە دەستی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەیە، حکومەتی سووریا دانی پێدا نانێت، هەروەها دانوستانەکانی نێوان هەردوولا لە ساڵانی رابردوودا هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بە پلەی یەکەم بەهۆی دژایەتی ئەسەد بۆ هاوبەشی کورد لەگەڵ واشنتن.

نزیکەی 900 سەربازی ئەمەریکی لە ڕۆژئاوای کوردستان (باکووری سووریا) ماونەتەوە، وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکی جیهانی دژی پاشماوەکانی داعش، حکومەتی سووریاش ماوەیەکە داوای کشانەوەیان دەکات.

.

دامەزراوەی دەنگی ئەمەریکا بڵاویشی کردەوە، شارەزایان پێیان وایە ئەمەریکا بڕیاری خۆی داوە لەسەر هێشتنەوەی ژمارەیەکی کەمی سەرباز لە ناوچەکەدا، بۆ هەر داهاتوویەکی پێشبینیکراو.

نیکۆلاس هێراس، پسپۆڕی سووریا لە ئینستیتیوتی نیولاینز بۆ ستراتیژی و سیاسەت لە واشنتن دەڵێت: ئەم پێگە ناڕوونەی ئەمەریکا وای لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە کردووە تێبگەن ئەمەریکا بەنیازی چییە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێو سووریا.

لە لایەکی دیکەوە، کۆلۆنێل مایڵز بی کاگینز، گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی دژی داعش بڕوای وایە گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی، ئاڵۆزی بۆ پێگەی سەربازی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا دروست دەکات.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش، ڤیدانت پاتێل سەبارەت بە بڕیاری گەڕانەوەی ڕژێمی سووریا نێو کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە گونجاو نییە، بەڵام وڵاتانی عەرەبی لە چەندین خاڵی هاوبەشیان هەیە بەتایبەتی لە چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سووریا و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

پاتێل، لە میانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژانەی خۆیدا هەڵسەنگاندنی بۆ سەرلەنوێ قبووڵکردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بۆ نێو کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و گوتی: "پێمان وا نییە لە ئێستادا دووبارە قبووڵکردنی سووریا لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی گونجاو بێت و بەڕوونی ئەم خاڵەمان لەگەڵ سەرجەم هاوبەشەکانمان باس کردووە".

هەفتەی ڕابردوو، پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە، ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دوو مانگی ڕابردوودا لە هەوڵدا بوون بۆ هێنانە سەر هێڵی ئیماراتییەکان بۆ ئەوەی نێوەندگییریان بۆ بکات لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد تا بگەن بە ڕێکەوتنێک لەبارەی ئایندەی سیاسی هێزە کوردییەکان لە قۆناغی دوای شەڕ.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان کە پێگە هەواڵییەکە ناوەکانی بڵاونەکردوونەتەوە، ڕایانگەیاندووە مەزڵووم عەبدی (کۆبانێ)، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە، سەردانی شانشینی یەکگرتووی ئیماراتی کردووە و چاوی کەوتووە بە تەحنون بن زاید، ڕاوێژکاری ئاسایشی ئیمارات و جێگری حاکمی ئەبووزەبی.