سەرۆکوەزیرانی عێراق: ماددەی ھۆشبەر بووەتە مەترسی و ھەڕەشە بۆسەر سەرجەم وڵاتان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر:

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، تیرۆر بۆ پارەدارکردنی کردەکانی پشت بە داھاتی ماددەی ھۆشبەر دەبەستێت و ئاماژەی بەوەشدا کە ماددەی ھۆشبەر و تیرۆر، دووڕووی یەک تاوانن.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی لە گوتارێکدا کە لە یەکەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر پێشکەشی کردووە؛ رایگەیاندووە، پرسی ماددەی ھۆشبەر ھەڕەشە لە سەرجەم کۆمەڵگاکان دەکات، ھەروەھا بووەتە مەترسی و ھەڕەشە بۆسەر وڵاتان.

گوتیشی: "شەڕی ئێمە لەگەڵ ماددەی ھۆشبەر، ھیچ لە گرنگی و مەترسی لەشەڕی ئێمە دژبە تیرۆر کەمتر نییە، ھەروەھا ھیچ کاتێک لەسەر ئاستی یاسایی و کۆمەڵایەتیی لە بەرنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر کەم تەرخەمی ناکەین".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق وەک ھەڕەشەی ئەمنیی و تیرۆر، مامەڵە لەگەڵ بازرگانانی ماددەی ھۆشبەردا دەکەن.

سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای ژمارە 50 بۆ ساڵی 2017 تایبەت بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەرکراوە و گوتی: "لەچوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر، ژمارەیەک بنکەی تایبەتمان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵودەبووان بە ماددەی ھۆشبەر دامەزراندووە".

محەمەد شیاع سوودانی راشیگەیاندووە لە سایەی پلانی ستراتیجیی نیشتمانیی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر بۆ ساڵانی 2023 و 2025 دانراوە، ھەوڵەکانیان بە ئامانجی نەھێشتنی ماددەی ھۆشبەر لە عێراق خستووەتە گەڕ.

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایشی لە دامەزراوە ئایینی و رۆشنبیرییەکان، ھەروەھا میدیاکان کرد، رۆڵی گرنگی خۆیان بگێرن بۆ ھۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی ماددەی ھۆشبەر و گوتی: " کەمتەرخەمی ناکەین لە ھەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر".

سوودانی ئاماژەی بەوەشداوە، تیرۆر لە یەکێک لە پارەدارکردنی کردەکانی پشت بە داھاتی ماددەی ھۆشبەر دەبەستێت و گوتی: "ماددەی ھۆشبەر و تیرۆر، دووڕووی یەک تاوانن".

محەمەد شیاع سوودانی راشیگەیاندووە، لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەمووان رووبەڕووی چەندین تۆڕی بازرگانیی ماددەی ھۆشبەر بوونەتەوە، بۆیە پێویستە لەڕیگای ئاڵۆگوڕی زانیارییەوە، ھاریکاریی و هەماهەنگیی هەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی و ھەرێمیی، بە ئامانجی لەناوبردنی ئەو تۆڕانە.