وەزارەتی دارایی: 400 ملیار دینار لە بەغداوە گەیشت

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەمڕۆ 400 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. 

ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، :لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڕی 400 ملیار دینار لەڕێگای بانکی ڕەشید و ڕافیدەینەوە گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق" 

ئەمە لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ دیسکی ئابووری کوردستان24 ئاشکرای کرد، "دابەبینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی ئەخلاقییە و هەروەک چۆن لە بودجە ئاماژەی پێدراوە پێیوەی پابەند دەبن".

رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیری ئابووری هەرێمی کوردستان بە تایبەت و عێراق بە گشتی، ئەمە قسەی راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراقە کە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، دەشڵێت: "متمانە لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستبووە و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی ئەخلاقییە".

مەزهەر محەممەد ساڵح، گوتی "مووچه‌ پرسێكه‌، به‌لای منه‌وه‌ پرسێكی نیشتمانی، مرۆیی و ئه‌خلاقییه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سازشی له‌سه‌ر ناكرێت، دوای ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌دا هاتووه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام ئێستا چاوه‌ڕێی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی پاكێجه‌كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك له‌ رێككه‌وتنه‌كاندا هاتووه‌، ته‌واو بكرێت و بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردن، با زۆر راشكاوانه‌ بین، هه‌ندێك متمانه‌ دروستبووه‌، یه‌كه‌میان، وا ده‌بینم گه‌یشتوونه‌ته‌ خاڵێكی ئه‌رێنی كه‌ خاڵی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ و كاروباره‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی عێراق باشتر به‌ڕێوه‌ده‌چن".

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، کە ئایندەیەکی ئومێدبەخش چاوەڕێی عێراق دەکات و بەهای دینار زیاتر بەرزدەبێتەوە و نزیک دەبێت لەو ئاستەی بانکی ناوەندی بۆی دیاریکردووە.