بەنگین رێکانی: هەفتەی داهاتوو بەغدا 400 ملیار دیناری دیکە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات

به‌نگین رێكانی
به‌نگین رێكانی

K24- هەولێر:

بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی عێراق، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، هەفتەی داهاتوو بەغدا 400 ملیار دیناری دیکە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.

بەنگین رێکانی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری رەوانەکردنی 400 ملیار دیناری دیکەی بۆ هەرێمی کوردستان دا.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئەمڕۆ (سێشەممە 9ـی ئایاری 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ بڕی 400 ملیار دینار لەڕێگای بانکی رەشید و رافیدەینەوە گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".

رۆژی (4ـی نیسانی 2023) رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژووکرا.

بەپێی رێککەوتنەکەش، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی لە هەژمارێکی بانکی تایبەتدا هەڵدەگیرێت، کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی عێراق ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ بودجه‌ی گشتی دیاریكراوه‌، دابین ده‌كات.