رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی تونس داوای گەڕاندنەوەی منداڵە تونسییەکانی کەمپی هۆل دەکەن

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

K24- هەولێر:

لەگەڵ راگەیاندنی گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، چەندین رێکخراو و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تونسی دۆسیەی منداڵانی ئەو چەکدارە تونسیانەی لە ریزەکانی داعش بوون هەڵدەدەنەوە کە ئێستا لەگەڵ دایکیان لە کامپ و زیندانەکانی سووریا دەستبەسەرن.

محەممەد ئیقبال رەجەب، سەرۆکی کۆمەڵەی رزگارکردنی ئەو تونسییانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، بەشەرقولئەوسەتی راگەیاند، زیاتر لە 170 منداڵ لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان دان.

گوتیشی: تونس هیچ دەستێوەردانێکی نەکردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەی کە لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان گیریان خواردووە، سەرەڕای ئەو مەترسییە زۆرەی لە دەورووبەریان هەیە.

ئیقبال رەجەب جەختی لەوە کردەوە، بارودۆخی منداڵانی تونس لە زیندانەکان و ناوەندەکانی زیندانیکردنی لیبیا باشترە لە بارودۆخی منداڵان لە کەمپەکانی سووریا یان زیندانەکانی عێراق.

دەشڵێت: "لە سووریا و عێراق، خێزانی تونسی هەن کە هەوڵدەدەن بگەن بە منداڵەکانیان لە کەمپەکانی سووریا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا،" ئاماژەی بەوەشکرد کە گەڕاندنەوەیان زۆر گرانە و زۆر ئاڵۆزە.

لە هەمان چوارچێوەدا، مستەفا عەبدولکەبیر، سەرۆکی رێکخراوی تونسی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، کە چوار ئافرەتی چەکداری داعش، پێنج منداڵیان وەرگرتووە کە لە زیندانەکانی لیبیادا بوون و ئاماژەی بەوەدا تەمەنی منداڵەکان لەنێوان 5 بۆ 13 ساڵاندایە.

عەبدولکەبیر هەوڵەکانی بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی 10 ئافرەتی دیکەی تونسی ئاشکرا کرد، کە لە زیندانەکانی لیبیادا ماونەتەوە، دوای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری لیبیا سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاندووە و جەختی لەوە کردەوە کە سزای 16 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە، لەنێویاندا ئەو ئافرەتانەی منداڵیان هەیە.

رێکخراوەکان و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤی تونس پێشنیازی بەدواداچوونیان کردووە لەسەر پرۆسەی دادوەری تۆمەتباران و جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردنیان لە تونس، لە بەرامبەردا رادەستکردنی منداڵەکان بۆ خێزانەکانیان یان دانانیان لەژێر چاودێری دامەزراوەکانی وڵاتی تونس.