گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: سبەی دەست بە ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی مووچە دەکەین

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد سبەی چوارشەممە دەست بە ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی مووچە دەکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە، کورتهێنان دروستبووە لە دابینکردنی مووچە.

ئەمڕۆ سێشەممە (9ـی ئایاری 2023)، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر هەشتی کوردستان24 بە کۆڤان عیزەتی راگەیاند، دوای بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 400 ملیار دیناری دیکە، بەرچاو روونبوون و لە سبەی چوارشەممەوە دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەن بۆ دابەشکردنی مووچە.

هونەر جەمال ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر بڕی 740 ملیار دینار داهاتی نەوتی لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە دەخرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و لەگەڵ 200 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ، مووچەی مانگانە دابین دەکرا بەڵام بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، داهاتی نەوتی بووەتە سفر.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە 18ـی مانگی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری مانگانەی بۆ هەرێمی کوردستان دەرکرد تا کاتی پەسەندکردنی بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ هێشتا بڕی 340 ملیار کورتهێنان هەیە لە دابینکردنی مووچەی مانگانە.

لەبارەی ئەو لیستەی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان لە هەندێک میدیاوە بڵاوکرایەوە، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی دووپاتیکردەوە ئەو لیستە راست نییە و "بەداخەوە هەندێک میدیا و راگەیاندنکار یاری بە هەستی یەک ملیۆن و 251 هەزار کەس و هەرکاتێک بڕیاربدرێت لەسەر دابەشکردنی مووچە ئەوا بە فەرمی بڵاوی دەکەنەوە".

هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دارایی روونیکردەوە، ئومێد دەکات لە زووترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت دوای ئەوەی رێکار و ئامادەکارییەکانیان تەواوکرد و ئاشکراشیکرد لەوانەیە گۆڕانکاری لە خشتەی دابەشکردنی مووچەش بکرێت.