دەیڤد تەفوری: هەرێمی کوردستان شوێنێکی سەلامەتە بۆ وەبەرهێنان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی شاندی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا-کوردستان جەختی لەسەر گرنگی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە بواری وەبەرهێنان و رایگەیاند، ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان وایکردووە ببێتە شوێنێکی سەلامەت بۆ وەبەرهێنان.

رۆژی سێشەممە (9ـی ئایاری 2023)، دەیڤد تەفوری، سەرۆکی شاندی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا-کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 11:00ـی کوردستان24 رایگەیاند لە دیدارەکەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسیان لە وەبەرهێنان و بەگەڕخستنی زیاتری سەرمایەگوزاری وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان کرد.

دەیڤد تەفوری باسی لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کرد کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن و گوتی، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان کە ئەندامن لە ئەنجوومەنەکەمان لە بوارەکانی خزمەتگوزارییەکان، نەوت و غاز، ئاسایش و بەرگری و پەروەردە کاردەکەن.

لەبارەی ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنەران، دەیڤد تەفوری ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئاسانکارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەکات لە بواری وەبەرهێناندا، زۆر گرنگە بۆ راکێشانی وەبەرهێنەران و ئەنجامدانی کارەکانیان لە چوارچێوەی یاساییدا.

هەروەها تیشکی خستەسەر گرنگی پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی حکومەت و روونیکردەوە، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت باسمان لە گرنگی بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزاکرد بەشێوەی ئۆنلاین کە ئەمە ئاسانکارییەکی باشە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی، هەروەها ئەم هەنگاوە لە هەموو بوارەکانی دیکەدا گرنگە بۆ پێشخستنی زیاتری کاروبارەکانی حکومەت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی شاندی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا-کوردستان باسی لەوەکرد، ماوەی 12 ساڵە سەردانی عێراق دەکەم و لەوکاتەوە هەموو ساڵێک بەلایەنی کەمەوە جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانم کردووە، هەمیشە لە سەردانەکاندا کار و باڵەخانە و پرۆژەی نوێی بینیوە و ئاسایش و سەقامیگری هەرێمی کوردستانی جیاکردووەتەوە لەناوچەکانی دیکەی عێراق و جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، هەرێمی کوردستان شوێنێکی سەلامەتە بۆ وەبەرهێنان.

هاوکات دەیڤد تەفوری بەگرنگییەوە باسی لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ فرەچەشنکردنی داهات و ئاماژەی بەوەکرد، پێویشتە وەبەرهێنان لە هەموو سێکتەرەکاندا بکات.

سەبارەت بە گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ، سەرۆکی شاندی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا-کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەو دەرفەتانەیان بینی کە کاری لەسەرکراوە بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان و جێگەی سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی بۆ کارکردن لەو بوارەدا.