دوای دەستگیرکردنی عیمران خان لە پاکستان خۆپیشاندان دەستیپێکرد

K24 - هەولێر

دوای دەستگیرکردنی عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، لەلایەن نووسینگەی نیشتمانیی بەرپرسیارێتی دارایی  ((NAB خوپیشاندانی ناڕەزایەتی دەربڕین لە سەرانسەری وڵاتەکە دەستیپێکرد.

بەگوێرەی زانیاری میدیا ناوخۆییەکانی پاکستان، لایەنگرانی عیمران خان دوای دەستگیرکردنی لەلایەن یەکەیەکی نیمچە سەربازیی لەبەردەم ئەو دادگایەی کە لە لاهۆرەوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە دادبینییەکانی ئەو دۆسیانەی کە لە دژی کراونەتەوە هاتبوو بۆ ئیسلام ئاباد، دەستیان بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەربڕین کرد.

لایەنگرانی عیمران خان لە ئیسلام ئاباد، راڤالیپیندی، لاهۆر، کاراچی، پیشاوەر و چەندین شاری دیکە رژانە سەر شەقامەکان.

لە شاری لاهۆر ناوچەی زامان پارک کە شوێنی نیشتەجێبوونی عیمران خانی لێیە شەقامەکان داخران و لایەنگرانی پارتی بزووتنەوەی دادپەروەری هاتووچۆیان بۆ گۆڕەپانی ئازادی لە لاهۆر راگرت.

رێگای نێوان ئیسلام ئابادی پایتەخت و شاری راڤالیپیندی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرا و خۆپیشاندەران تایەیان سووتاند و بەردی گەورەیان لەسەر رێگاکان جێگیرکرد.

هاوکات بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی داون، بڕیاری دەستگیرکردنی عیمران خان لەلایەن نووسینگەی نیشتمانیی بەرپرسیارێتی دارایی (NAB)وە دەرکراوە.

لەو راگەیەندراوەی کە لە پۆلیسی ئیسلام ئابادەوە بڵاوکراوەتەوە، عیمران خان و هاوسەرەکەی بە وەرگرتنی چەندین ملیار رووپیە لە کۆمپانیایەکی خانووبەرە لە بەرامبەر یاساییکردنی 50 ملیار رووپیە تاوانبارکراون و لەبەر ئەم هۆکارە عیمران خانیان دەستگیرکردووە.

لە بڕیاری دەستگیرکردنەکەدا عیمران خان و بوشرا بیبی هاوسەری بە گەندەڵی تۆمەتبار کراون.