سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ حەلبووسی: پێویستە پەلە لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت

K24 - هەولێر:
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە پێویستی پەلەکردن لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی دەکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، محەممەد شیاع سوودانی پێشوازی لە محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە میانی دیدارەکەدا گرنگترین پرسە گشتییەکان لە وڵات بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە داواکاری هاووڵاتییانەوە، کە بەرنامەی حکومەت بەشێوەیەکی سەرەکی داکۆکی لەسەری کردووە، تاوتوێی کران.
هەو لە میانی دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی هەماهەنگیی لەنێوان حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران کردەوە، لەپێناو پشتگیریکردنی حکومەت و کارنامەکەی و خزمەتگوزاری و پەلەکردن لە پەسەندکردنی بودجە، بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بەتەواوی و بووژانەوە ئابووری نیشتمانی و گەشەسەندنێکی بەردەوام لە وڵاتدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 7ـی ئایاری 2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمیانەی بەشداری کردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا بودجەی گشتیی عێراق پەسەندبکرێت.
بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لایەنە کوردییەکان لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەک دەنگن و "تا ئێستا پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە، ئەگەر بڕگەیەک هەبێت بە دڵیان نەبێت، پێویستە بە هەمان شێوە بە کۆدەنگی بڕیاری لەسەر بدەن و تێیپەڕێنن."
بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دووشەممە و دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکان کۆتایی هات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساکە.
درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.
رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی گشتی پهسهندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.