میلانیا ترەمپ: بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەم خولێکی دیکە لە کۆشکی سپی کاربکەم

میلانیا ترەمپ و دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا | وێنە: Andrew Harnik / AP
میلانیا ترەمپ و دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا | وێنە: Andrew Harnik / AP

K24 - هەولێر:

میلانیا ترەمپ هاوسەری دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ هاوسەرەکەی لە هەڵبژاردنەکانی 2024ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا راگەیاند.

میلانیا ترەمپ، هاوسەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا،  پاڵپشتیی خۆی بۆ کاندیدبوونی هاوسەرەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی 2024ی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند.

میلانیا ترەمپ لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوس رایگەیاند بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات لەگەڵ هاوسەرەکەی خولێکی دیکە لە کۆشکی سپی کاربکات.

هاوسەری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سەبارەت بە هاوسەرەکەی گوتی: "ئەو پاڵپشتیی منی هەیە. بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین سەرلەنوێ هیوا بۆ ئایندە ببوژێننەوە و ئەمریکا بە خۆشەویستی و هێز بەڕێوەببەین".

میلانیا ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، هاوسەرەکەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی مەزنی بەدەستهێناوە و رایگەیاند ترەمپ لە خولی دووەمدا جارێکی دیکە دەتوانێت وڵاتەکە بۆ خۆشگوزەرانی ببات.

ئەمە لە کاتێکدایە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، بەئەزمونترین کەسە تائێستا خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندیدکردبێت.

لەوەڵامی پرسیارێکی دەزگاکانی راگەیاندن سەبارەت بە چوونە تەمەنەوە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، راستە تەمەنی سەروو 80 ساڵە، بەڵام لە زۆرینەی خەڵک و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەمریکا ئەزمونی سیاسی زیاترە، ئەوەش یارمەتی دەدات.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، لێوەشاوەیی و توانای ئەوەی تێدایە بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە سەرۆکایەتی ئەمریکا بکات، هەربۆیە خۆی بۆ پۆستەکە دەپاڵێوێت.

بڕیارەی مانگی 11 ی ساڵی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و تائێستا هەریەکە لە جۆو بایدن و دۆناڵد تڕەمپ و ژمارەیەک کەسایەتی دیکەی ئەمریکا خۆیان بۆ پۆستەکە کاندیدکردووە.