شاندی پارتی لە کەرکووک بایكۆتی كۆبوونەوەی یۆنامی كرد

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و دیمەنێکی پێش 16ـی ئۆکتۆبەری 2017
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و دیمەنێکی پێش 16ـی ئۆکتۆبەری 2017

K24 - کەرکووک:

بڕیار بوو ئەمڕۆ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) سەبارەت بە دۆخی کەرکووک لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان کۆببنەوە، بەڵام شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرابوو، بەشداری نەکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئایار، حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووک بڕیار بوو لەگەڵ یۆنامی سەبارەت بە پرسی کەرکووک و تەعریب و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و کێشە و گرفتەکانی دیکە کۆببنەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەک یەکێک لە حزبە کوردستانییەکان بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرابوو، بەڵام بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد و بەشداری نەکرد.

سەبارەت بە هۆکاری بایکۆتکردنەکەی پارتی، مەسعود مەلاپەروێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە لە کەرکووک بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: هۆکاری بایکۆتکردنمان بەهۆی مامەڵەی نەشیاوی پاسەوانەکانی دیوانی پارێزگا بووە کە مامەڵەیەکی گونجاویان لەگەڵ شاندەکەی پارتی نەکردووە و ئەوانیش بە سووکایەتییان زانیوە و بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردووە.

ئەو بەرپرسەی پارتی پێی وایە ئەوەی کراوە بە بڕیاری ڕاکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بووە، چونکە ئەوان لە کۆبوونەوەی رابردوو لەگەڵ یۆنامی گەندەڵییەکانی پارێزگاری کەرکووکیان بە بەڵگەوە خستووەتەڕوو، بۆیە کێشەی بۆ بەشداریکردنیان دروست کردووە، گوتیشی: پارتی هەڵوێستی دەبێت و لەسەر ئەم بابەتە بەیاننامەی فەرمی دەبێت.