فارس عیسا زانیاری لەبارەی هەناردەکردنی 400 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بەغدا دەخاتەڕوو

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایدەگەیەنێت، ناردنی بڕەپارەی بەردەوام لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم، دەرئەنجامی ئەو لێکتێگەیشتنە باشەیە کە لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەک و نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەکی دیکەوە هەیە.

رۆژی چوارشەممە 10ـی ئایاری 2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، ناردنی 400 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو، کە سنوور مەجید پێشکەشی کرد.

ناردنی 400 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان

رۆژی سێشەممە 10ـی ئایاری 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 400 ملیار دینار لە ڕێگەی بانکی ڕەشید و ڕافیدەینەوە گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا روونیکردەوە، ناردنی ئەو 400 ملیار دینارە بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، دەرئەنجامی ئەو لێکتێگەیشتنە باشەیە کە لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەک و نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا لەلایەکی دیکەوە هەیە.

ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت بە شێوەی 'قەرزە'، ئەم مانگە 400 ملیار دیناری ناردووە و لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023ـی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیادرا هەفتەی داهاتوو 400 ملیار دیناری دیکەش بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، ئەمە بەگوتەی فارس عیسا بۆ کوردستان24.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

زیاتر لە مانگ و نیوێکە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان وەستاوە. رۆژی سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژووکرا. بەپێی رێککەوتنەکەش، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی لە هەژمارێکی بانکی تایبەتدا هەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، لە ئێستادا هەندێک کێشەی تەکنیکی لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا ماون، لەوانەش ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ کۆمپانیایە هەناردەکراوەکان دەکرێن، بۆ چۆنییەتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا و، وەکو خۆی گوتی، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، "چونکە هەناردەنەکردنی زیان بە عێراقیش دەگەیەنێت، نەک تەنها هەرێمی کوردستان".

سەردانی شاندە هاوبەشەکەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا

رۆژی پێنجشەممە 27ـی نیسانی 2023، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، شاندێکی هەرێم و بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان و حکومەتی ئەو وڵاتە لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا دەکات.  

بەگوتەی فارس عیسا، تا ئێستا وادەی سەردانی ئەو شاندە هاوبەشەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دیار نییە و وەکو خۆی دەڵێت، ئەو پرسە پەیوەندی بە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی تورکیا و حکومەتی فیدراڵی هەیە و "حکومەتی عێراق وادەکە دیاری دەکات".

پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان

درەنگانی شەوی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد، بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دووشەممە و دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکان کۆتایی هات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساکە.

ئەمڕۆ دوا رۆژە بۆ نووسینەوەی ئەو تێبینییانەی لەلایەن لایەنەکانەوە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە هەن و، کورد و سوننەکان زۆرترین تێبینییان هەیە. سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە جیا لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە کۆبووەتەوە کە تێبینییان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە هەیە و دوای نووسینەوەی تێبینییەکان؛ پڕۆژەیاساکە بۆ لایەنەکانی نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەنێردێت و، وەکو خۆی دەڵێت، ئەگەر هەموو لایەنەکان لەسەری رێککەوتن، لە کاتێکی نزیکدا لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت.

رۆژی دووشەممە 13ی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بودجەی گشتی پەسەندکرد و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند ، "پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مجاره‌ش هه‌مان ئه‌و رێژه‌یه‌یە كه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵانی پێشوودا هه‌بوو، واتا رێژه‌كه‌ی 12.67%ـه‌".

بەگوتەی فارس عیسا، ئەو بەشە بودجەیەی هەرێمی کوردستان کە لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق دەستنیشانکراوە، ئەنجامی گفتوگۆیە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەردوو حکومەتدا هەیە لەبواری داراییدا.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.