دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بە فەرمی کرایەوە

دەروازەی نێودەوڵەتی زێت
دەروازەی نێودەوڵەتی زێت

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی ئایاری 2023، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەشێوەیەکی فەرمی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە، ئەمەش دوای ساڵێك لە كاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی رێگای سەرەكیى دەروازە نێودەوڵەتییەكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.

دەروازەی نێودەوڵەتی زێت دەکەوێتە سنووری ناحییەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەلا مستەفا بارزانی، پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشێوەیەکی فەرمی کرایەوە.

ئەم دەروازیە دەبێتە دەروازەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، چەند ساڵێکە کارکردن لەسەر دروستکردنی رێگەیەکی سەرەکی بۆ دەروازەکە بەردەوامە.

دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، یەکەم دەروازەیە پارێزگای هەولێر و پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

غەفوور ئەحمەد، قایمقامی مێرگەسۆر لەمیانی رێورەسمی کردنەوەی دەروازەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رایگەیاند، ساڵی 2013 بڕیاری کردنەوەی دەروازەی زێت دەرچووە، گوتیشی: دەروازەی زێت ئاسانکارییەکی تەواو بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە دەکات.

قایمقامی مێرگەسۆر راشیگەیاند، لەرێگەی کردنەوەی ئەم دەروازە نێودەوڵەتییەوە، هەرێمی کوردستان بوژانەوەی ئابووری و گەشتیاری بەخۆیەوە دەبینێت و هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکە پەیدا دەبێت.

دەروازەی زێت، سێیەمین دەروازەی نێودەوڵەتییە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.

لە قۆناغی یەکەمدا، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە و، لە قۆناغی دووەمیشدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکرێت.