بارسێلۆنا رۆیشتنی بۆسكێتسی راگه‌یاند

سێرخیۆ بۆسكێتس
سێرخیۆ بۆسكێتس

بارسێلۆنا ئەفسانەیەکی دیکەی لەدەست دەدات و لە کۆتایی ئەم وەرزە چارەنووسی یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی مێژووی لە یانە کەتەلۆنییەکە کۆتایی دێت، سێرخیۆ بۆسکێتس رایگەیاند بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ بلاوگرانا نابێت، یانە کەتەلۆنییەکەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چەند وێنەیەک و پارچە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە و ماڵئاوایی لە یەکێک لە ئەفسانەکانی كرد، پێشبینی كراوه‌ ئه‌م یاریزانه‌ رووبكاته‌ یانه‌ی هیلالی سعوودیه‌.

سێرخیۆ بۆسکێتس لە تەمەنێکی بچووکەوە درێسی بارسای پۆشی بەڵام 15 ساڵە لەگەڵ تیپی یەکەمی بارسا لەسەر ناسناوەکان دەجەنگێت. لەو ماوەیەدا سێرخیۆ 719 یاریی بە درێسی بلاو گرانا کرد و تا ئیسا توانیویەتی 18 گۆڵ بکات.

بۆسکێتس تا ئێستا توانیویەتی لەگەڵ بارسێلۆنا 45 گۆڵ دروست بکات و لە ماوەی یاریکردنیشی لەگەڵ بلاوگرانا 31 ناسناو بباتەوە و نزیکیشە لە بردنەوەی سی و دووەمین ناسناو لەگەڵ یانەکەی.

بۆسکێتس لە ماوەی 15 ساڵدا توانی 8 ناسناوی لالیگا بباتەوە و 7 جاریش لەگەڵ یانە دڵخوازەکەی جامی شای ئیسپانیایان بەرز کردەوە. سێرخیۆ مێژوویەکی گەورەی لەگەڵ بلاوگرانا تۆمار کرد و 7 ناسناویشی لە جامی سوپەری ئیسپانیا بەدەستهێنا.

لە ئەوروپاش لەگەڵ یانەکەی درەوشایەوە و سێ جار بوونە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و جامە گوێچکەدارەکەیان بەرز کردەوە.

بۆسکێتس لەگەڵ بارسێلۆنا سێ جار بوونە سوپەری ئەوروپا و لە مۆندیالی یانەکانیش سێ جار ناسناوەکەیان بەدەستهێنا.

سێرخیۆ بۆسكێتس به‌ درێسێكی دروستكراوی هیلال
سێرخیۆ بۆسكێتس به‌ درێسێكی دروستكراوی هیلال