مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی هۆکاری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکەی یۆنامی ئاشکرا دەکات

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی رایدەگەیەنێت، لە کاتی گەیشتنی شاندی ڕاسپێردراویان بۆ شوێنی کۆبوونەوەکەی یونامی لە کەرکووک، دەرکەوت "ئەجیندایەکی پێشوەخت داڕێژراو هەیە بۆ ئەنجامدانی هەندێک ڕێکاری دوور لە پرۆتۆکۆڵە پەسەندکراوەکانی ڕێکخستنی چوونە ژوورەوەی شاندەکان بۆ کۆبوونەوەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و نێردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆیە شاندی پارتی بڕیاری دا لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بێت."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: شاندە بەڕێزەکەمان بە پرۆفیشناڵییەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی هەموو ئەو ڕێکار و پلانە پێشوەخت ئامادەکراوانە بووەوە و، هەروەها هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەی هەبوو کە شکۆی گەلی کوردستانی لە کەرکووک پاراست و مافی هەموو لایەنە سیاسییەکانی خاوەن نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای شەرعیەتی هەڵبژاردن و دیموکراسی لە ئەنجامدانی ئازادانە و شەرەفمەندانە و سەربەرزانەی چالاکییەکانیان سەلماند.

دەقی بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لەبارەی ڕووداوەکانی 10ی ئایاری 2023ی باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک

لە کۆبوونەوەی 8ی ئایاری 2023 لەگەڵ شاندی ئۆفیسی کەرکووکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) پارتی دیموکراتی کوردستان بانگهێشتنامەیەکی پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان، بە سەرپەرشتیی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نووسینگەکەیدا لە باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک.

لە کاتی گەیشتنی شاندی ڕاسپێردراومان بە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەدا بۆ باڵەخانەی پارێزگا، دەرکەوت ئەجیندایەکی پێشوەخت داڕێژراو هەیە بۆ ئەنجامدانی هەندێک ڕێکاری دوور لە پرۆتۆکۆڵە پەسەندکراوەکانی ڕێکخستنی چوونە ژوورەوەی شاندەکان بۆ کۆبوونەوەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و نێردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تایبەتی کە ئامادەبوونی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باڵەخانەی پارێزگادا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی (یونامی) بوو و، هیچ لایەنێکی ناوخۆیی پەیوەندی بەو بانگهێشتە یان کۆبوونەوەیەوە نییە کە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکی خستبوو. بۆیە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا ڕێگە بە تێپەڕاندنی ئەو جۆرە ئەجێندا و سیاسەتە ناشیرینانە نەدات و ئامادە نەبوو لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بێت.

لەم چوارچێوەیەدا تەنیا گرنگیی کارکردنی نوێنەرایەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییە جیاجیاکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ ئەوەی بیانکەنە بەشێک لە سیاسەتەکانی سووکایەتیکردن و پەراوێزخستن کە پارێزگاری بەزۆر بە سەر هاووڵاتییانی کەرکووکدا سەپێنراو پەیڕەویان دەکات بە سوودوەرگرتن لە بوونی ئۆفیسی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناو باڵەخانەی پارێزگاکەدا، بە ڕوونی بخەینە ڕوو و داوا لە نوێنەرایەتیی یونامی بکەین خۆی لەم جۆرە کارە نادروستانە دوور بخاتەوە کە بە سوودوەرگرتن لە چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەبرێن.

شاندە بەڕێزەکەمان بە پرۆفیشناڵییەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی هەموو ئەو ڕێکار و پلانە پێشوەخت ئامادەکراوانە بووەوە و، هەروەها هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەی هەبوو کە شکۆی گەلی کوردستانی لە کەرکووک پاراست و مافی هەموو لایەنە سیاسییەکانی خاوەن نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای شەرعیەتی هەڵبژاردن و دیموکراسی لە ئەنجامدانی ئازادانە و شەرەفمەندانە و سەربەرزانەی چالاکییەکانیان سەلماند.

ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە بە هیچ شێوەیەک خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەوڵە چڕەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نائاساییانە لە کەرکووک ڕاناگرێت.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، سڵاو لە هاووڵاتییانمان لە کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان