ئایا پێش گۆڵه‌كه‌ی مان سیتی تۆپ چوو بووه ده‌ره‌وه‌ی یاریگه؟
ناوبژیوانانی یاریی نێوان ڕیال مەدرید و مان سیتی له قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ كه له بێرنابیۆ (1 ـ 1) كۆتایی هات، مشتومڕێكی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و سۆشیاڵ میدیای پركردووه له قه‌سه‌كردن له باره‌ی گۆڵه‌كه‌ی مان سیتی.
هانده‌ران و یاریزانانی ریال مه‌درید پێیانوایه پێش ئه‌وه‌ی كیڤن دی برۆین گۆڵی یه‌كسانبوونه‌وه‌ی سیتی تۆمار بكات، تۆپه‌كه چووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی یاریگه، به‌ڵام ناوبژیوان به‌رده‌وامی به یاریكردن دا، دواتر گۆڵی به‌رامبه‌ربوون له دژی ریال مه‌درید تۆمار كرا.
جه‌مال شه‌ریف ناوبژیوانی پێشووی نێوده‌وڵه‌تی جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه له‌مجۆره حاڵه‌تانه ڤار بۆی نییه ده‌ستێوه‌ردان له بڕیاره‌كان بكات، تاكه كه‌سێك بۆی هه‌یه ده‌ستێوه‌ردان بكات ناوبژیوانی یاریده‌ده‌ری سه‌رهێڵه، ده‌شڵێت: له‌م حاڵه‌ته‌ی روویدا ناوبژیوان به‌رده‌وامی به یاریكردن دا له‌به‌رژه‌وه‌ندی ریال مه‌درید و تۆپه‌كه چووه ژێر قاچی یاریزانانی ریال، دواتر تۆپه‌كه‌یان له‌ده‌ست دا و بووه گۆڵ.
جه‌مال شه‌ریف ده‌شڵێت: کەناڵە تەلەڤزیۆنیەکان پشتیان بە تەکنیکی "ڤێرچووه‌ڵ" بەستووه بۆ ئەوەی بزانن تۆپەکە هێڵەکەی بەزاندووە یان نا، به‌ڵام ئه‌و ته‌كنیكه ناتوانێت وێنه‌ی راسته‌قینه پیشان بدات، ته‌نانه‌ت ئه‌و سیسته‌م و ته‌كنیكه له‌ژووری ڤاردا نییه و باوه‌ڕپێكراو نییه و په‌سه‌ند نه‌كراوه، به‌ڵكو ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان خۆیان ئه‌م ته‌كنیكه به‌كاردێنن، كامیراكان ورد نین له نیشاندانی وێنه راسته‌قینه‌كان، بۆیه زۆر ئه‌سته‌مه بڕیاری ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌م حاڵاته‌نه بدرێت.
ئه‌م ناوبژیوانه خانه‌نیشنكراوه گوتیشی: پێشتر له یاریی ئایاکس و ڕیال مەدرید حاڵه‌تێك ڕوویدا، کە په‌یوه‌ندی به ئۆفساید هه‌بوو، گومانی ئەوە هەبوو تۆپەکە هێڵی بڕیبێت پێش تەواوکردنی هێرشەکە، بۆیه ڤار پێداچوونەوەی به حاڵه‌ته‌كه كرد، کامێراکانی ڤار لە یارییەکەدا ئەنجامێکی جیاوازیان بەخشی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان و سۆشیاڵ میدیا بینرا، هه‌ندێكیان پێیانوابوو تۆپەکە هێڵەکەی بەزاندووە و هه‌ندێكیشیان ده‌یانگوت هێڵه‌كه‌ی نه‌به‌زاندووه.
جه‌مال شه‌ریف گوتیشی: ڤار كاتێك بڕیارده‌دات دەستێوەردان بكات کاتێک کامێرایه‌كی جێگیری له گۆشه‌یه‌كی دروست هه‌بێت كه یارمه‌تی بدات بڕیاری دروست بدات، ئایا تۆپ هێڵی کۆتایی بە تەواوی دەبڕێت یان نا؟. بۆیه ڤار هیچ كامیرایه‌كی جێگیری له گۆشه‌كانی یاریگه نییه، بۆیه ناتوانێت ده‌ستێوه‌ردان بكات.
لە سه‌ره‌تای یارییه‌كه‌دا ڕیال مەدرید داوای لێدانی سزای کرد دوای ئەوەی تۆپێك به‌ر ده‌ستی جاک گرێلیچ كه‌وت، ناوبژیوانیش داوای بەردەوامبوونی یارییه‌كه‌ی كرد.
جەمال شەریف له‌مباره‌یه‌وه پاڵپشتی بڕیاره‌كه‌ی ناوبژیوانی كرد و پێیوایه گرێلیچ ده‌ستی به جه‌سته‌یه‌وه نووساندبوو، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هیچ سەرپێچییەک نییە هەرچەندە تۆپه‌كه به‌رده‌ستیشی كه‌وتووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاریزانەکە هیچ جوڵەیەکی به‌ده‌ست بۆ تۆپه‌كه نه‌كردووه بۆیه هیچ فاوڵێك نییە".
له باره‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كاتێك ستۆنزی بەرگریکاری مانچێستەر سیتی داوای لێدانی سزای کرد، بەڵام ناوبژیوان به‌رده‌وامی به یاریكردن دا. جه‌مال شه‌ریف ده‌ڵێت: ڕوونە کە هیچ سەرپێچییەک، چونكه هیچ به‌ریه‌ككه‌وتنێك نه‌بووه، راسته یاریزانه‌كه ویستی ناوبژیوان فریو بدات، به‌ڵام تۆپه‌كه گه‌ڕایه‌وه لای مانچێسته‌ر سیتی.